Accessibility links

ناتۆ دوو دڵە لە کشانەوەی تەواوەتی لە ئەفغانستان


سکرتێری گشتی ناتۆ لەگەڵ وەزیری کارگێڕی بەرگری ئەمریکادا بە تەلەفون قسەی کردووە سەبارەت بە "هێندەی پێویست بکات بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان."

لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ، لە نێوەندی ئەو گومان و ئەگەرانەدایە کە سەرۆک دانۆڵد ترامپ بڕیاری کشانەوەی تەواوەتی بدات لە ئەفغانستاندا.

ئوانا لۆنجیسکۆ دەڵێت، یانس ستۆڵتنبێرگ ڕۆژی هەینی قسەی لەگەڵ کریستۆفەر میڵەر کردووە لەسەر کارنامەی ئەم هاوپەیمانێتیە 30 دەوڵەتییە کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، لەوانە باس لە ڕەوشی ئەفغانستان کراوە و دەشڵێت "هەڵوێستی ناتۆ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە" لەسەر ئەو ڕۆڵە ئاسایشییەی لە ئەفغانستاندا دەیبینێت.

لۆنجیسکۆ دەڵێت "هیچ ئەندامێکی ناتۆ ناخوازێت لە ماوەی پێویست زیاتر لە ئەفغانستان بمێنێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەمانەوێت دەستکەوتەکان بپارێزین کە بە قوربانیدانێکی زۆر هاتوونەتە ئاراوە و هەروەها دڵنیابوونیش لەوەی هەرگیز ئەفغانستان نەبێتەوە بە شوێنێک بۆ داڵدەی تێرۆریستان و بتوانن لەوێوە هێرش بکەنە سەر ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ."

هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ساڵی 2003وە بەرپرسیارێتی هەوڵی ئاسایشی نێونەتەوەیی لە ئەستۆ گرتووە، 2 ساڵ پاش ئەو هێرشەی هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا کردیان و ڕژێمی تاڵیبانی ڕوخاند چونکە ئوسامە بن لادن ڕێبەری ئەلقاعیدەی حەشار دابوو.

لە ساڵی 2014دا، ناتۆ دەستیکرد بە مەشق و ڕاهێنان پێکردنی هێزە ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتە، دواتر دەستیشی کرد بە کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغ، هاوتەریب لەگەڵ ڕێککەوتنێکی بە ناوبژی ئەمریکا مۆر کرا.

وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەڵێت "ئێمە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی ئەفغانستان دەکەین، وەک بەشێکیش لەم پرۆسەیە بڕیار دەدەین لەوەی چەند سەربازمان لەوێ بمێننەوە."

خانم لۆنجیسکۆ دەشڵێت لە ئێستادا کەمتر لە 12 هەزار سەربازی ناتۆ لە ئەفغانستانن، کەمتر لە نیوەی ئەو ژمارەیەش، سەربازی ئەمریکایی نین.

توندوتیژی و شەڕانگێزییەکان لەم چەند مانگەی ڕابردوودا لە ئەفغانستان زیادیان کردووە، تەنانەت کە لە ئێستادا دانوستاندنکارانی حکومەتی وڵاتەکە لە وڵاتی قەتەر لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیباندا کۆدەبنەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی کۆتاییهێنانێک بە دەیان ساڵی شەڕی خوێناوی نێوانیان. هەردوولای ئەم وتووێژانە دەڵێن "بەرەوپێشچوونێکی کەم هەیە لە دانوستاندنەکانیاندا."

سەرۆک ترامپ لە سەرەتای مانگی 10دا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیبووی "ثێویستە ئەو ژمارە کەمەی ژن و پیاوە ئازاکانی ئەمریکا کە لە ئەفغانستان ماونەتەوە، تا جەژنی کریسمس بگەڕێنینەوە بۆ ئەمریکا."

ئەم نوسینەی سەرۆک ترامپ بووە مایەی سەرسوڕمانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و هەروەهاش هاوپەیمانانی ناتۆ.

لە هەفتەی ڕابردوودا، سەرۆک ترامپ، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکای لە کارەکەی دەرکرد و کریستۆفەر میڵەر سەرۆکی پێشووی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تێرۆری وەک وەزیری کارگێر داناوە.

ئیسپەر، هەوڵیداوە لەگەڵ سەرکردە لەشکرییەکاندا تا قسە لەگەڵ ترامپدا بکەن لەسەر دۆسێی کشانەوەی لەشکری ئەمریکا لە ئەفغانستان و لە سوریا.

XS
SM
MD
LG