Accessibility links

عێراق 21 کەس لە سێدارە دەدات


لە عێراق 21 کەس سزای سێدارەدانیان لەسەر جێبەجێکراوە کە پێشتر بە تاوانی تێرۆریزم گوناهبار کرابوون.

کاربەدەستانی تەندروستی و پۆلیس دەڵێن ئەمڕۆ دووشەممە ئەو سزایانە لە زیندانی پارێزگای ناسریەی باشوری وڵاتەکە جێبەجێکراون و دەشڵێن تاوانبارەکان خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی عێراق بوون و بەپێی یاسای ساڵی 2005ی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم گوناهبار کراون، بەڵام هیچ وردەکارییەکیان لەسەر تاوانەکانیان باس نەکردوە.

لەوەتای ڕاگەیاندندنی شکستپێهێنانی ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2017دا، عێراق سزای مردنی سەپاندووە بەسەر سەدان هاوڵاتی خۆیدا بەتاوانی ئەندامێتی لەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەدا، بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەم لەو بڕیارانە جێبەجێکراون کە دەبێت بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق بڕیارەکان واژۆ بکات.

سەرچاوەکانی پۆلیس دەڵێن، ساڵح بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو 21 کەسەی واژۆ کردووە.

دادگاکانی عێراق دەیان کەسی بیانیشی دادگایی کردووە وەک دەگوترێت لەسەر ئەندامێتییان لە داعشدا، سزای مردنیش سەپێندراوە بەسەر 11 هاوڵاتی فەڕەنسایی و هاوڵاتییەکی بەلژیکیدا، بەڵام تا ئێستا ئەو سزایانە جێبەجێنەکراون.

عیراق لە ڕیزبەندی پێنجەمی لیستی ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدایە بۆ جێبەجێکردنی سزای مردن. بەپێی ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییە تەنها لە ساڵی 2019دا، 100 کەس لە عێراق لە سێدارە دراون.

ئەمنستی و ڕێکخراوەکانی تری داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، ڕەخنە و ناڕەزاییان لە سیستەمی دادوەری عێراق هەبووە و دەڵێن پرۆسەکانی دادگاییکردن بە خێرایی بەڕێوە دەچن و دەرفەت بە بەرگری لە خۆکردنێکی گونجاوی ئەوانە نادات کە دادگایی دەکرێن. هەروەها ڕەخنە و ناڕەزاییشیان هەبووە لەسەر ڕەوشی خراپی گرتوخانەکان و وەک دەگوترێت ئەشکەنجەدانی گیراوەکانیش.

XS
SM
MD
LG