Accessibility links

گەشتی ئاسمانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ئیسرائیل


هێڵی ئاسمانی ئەلئیتیحاد، ڕایدەگەیەنێت لە مانگی 3 ی ساڵی 2021دا دەست دەکات بە گەشتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیلدا.

بڕیاری ئەم کۆمپانیایەی هێڵی ئاسمانی کە هی وڵاتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبە، دوابەدوای ڕێککەوتنی هەردوو وڵاتە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، هێڵی ئاسمانی ئەلئیتیحاد، بنکە لە ئەبو زەبی دەڵێت "ڕۆژانە بۆ ماوەی ساڵێک گەشتی چوون و گەڕانەوە دەکات بۆ تەلئەڤیڤ."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەش بەوە کراوە گەشتەکان لە ڕۆژی 28ی مانگی 3وە دەستپێدەکەن کە پاش نزیکەی 6 مانگ لەو ڕێککەوتنەی لە نێوان میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و دەوڵەتی جوودا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوندییەکانیان بە ناوبژی ئەمریکا مۆرکرا.

موحەمەد ئەلبولوکی، سەرۆکی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئەلئیتیحاد دەڵێت " دەستپێکردنی ئەو گەشتە ئاسمانیانە، ساتەوەختێکی مێژووییە و هەروەهاش وابەستەیی هێڵی ئاسمانی ئەلئیتیحادە بۆ پەرەپێدانی دەرفەتەکانی بازرگانی و گەشتیاری."

هێڵی ئاسمانی فلای دوبەی لە ئێستادا ڕایگەیاندووە لەم مانگەوە هەفتانە 14 گەشتی ئاسمانی دەبێت بۆ تەلئەڤیڤ.

بە پێچەوانەی دوبەی و وڵاتانی تری میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، ئەبو زەبی ڕێوشوێنی توندی گرتۆتەبەر وەک خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا، بۆ ئەوانەی دەچنە شارەکەوە.

لەگەڵ ئەو زیانە گەورانەی ئابوری بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، بەڵام میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ئیسرائیل دەخوازن سودێکی زۆر لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان بەدەستبێنن.

هەردوو وڵات ژمارەیەک پەیماننامەیان مۆرکردووە بۆ گەشتتی ئاسمانی بەبێ ڤیزا و پەیماننامەش بۆ پاراستنی وەبەرهێنان و هەروەها پەیماننامە لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆژیاش مۆرکراون.

XS
SM
MD
LG