Accessibility links

وەلید ئەلموعەلیم مرد


وەلید ئەلموعەلم، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە تەمەنی 79 ساڵیدا دەمرێت. ئەلموعەلیم یەکێک بوو لە پشتیوانکارەکانی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد، لە ماوەی ئەم 10 ساڵەی قەیرانی سوریا و هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا کەچەندان ئاڵوگۆڕ لە پۆستە حکومەتییەکانی سوریادا کراون، بەڵام ئەم هەر لە پۆستەکەی خۆیدا هێڵدرابووەوە.

بەهۆی قەیرانی سوریاوە کە لە ساڵی 2011وە بۆتە مایەی وێرانکردنی وڵاتەکە، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا سزایان سەپاندبووە سەر ئەو دیپلۆماتە دێرینەی سوریا. ئەلموعەلیم بەو وتارانەی ناسرابوو کە دەیگوت "شەڕەکانی ناو سوریا بەرەنجامی پیلانگێڕییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوان."

ئەلموعەلیم لە ساڵی 2006دا کرا بە وەزیری دەرەوەی سوریا، بەڵام لە ساڵی 1964ەوە لە بواری دیپلۆماسی وڵاتەکەیدا کاری کردووە و لە ساڵی 2012دا کراوەتە جێگری سەرەک وەزیریش.

لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی سوریادا، باسی لە هۆکاری مردنی موعەلیم نەکردووە، بەڵام زانرابوو بۆ ماوەیەکە باری تەندروستی باش نییە.

دواترین دەرکەوتنی وەلید ئەلموعەلیم، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بوو لە دیمەشق و لە دەستپێکردنی کۆنفرانسی گەڕانەوەی پەنابەراندا بوو، لاواز دەردەکەوت و دوو پیاویش یارمەتییان دەدا لە کاتی ڕۆیشتن بۆ ناو هۆڵی کۆنفرانسەکە.

لەو کۆنفرانسەدا کە زۆرێک لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییە مرۆییەکان و خەڵکی بیانی بەشداربوون، بەشار ئەلئەسەد سەرۆکی سوریاش ئامادەی بوو.

ڕوسیا کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ڕژێمی سوریایە، یەکەم وڵات بوو پرسەنامەی هەبووە بۆ ئەلموعەلیم.

میکائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ستایشی ئەلموعەلیم دەکات دەڵێت "وەک دیپلۆماتێک بوو کە تێگەیشتنی هەبووە بۆ گرنگی پەیوەندییەکانی سوریا و ڕوسیا."

وەلید ئەلموعەلیم، موسڵمانێکی سوننە ئاینزا بووە، لە ساڵی 2006دا جێی فاروق ئەلشەرع دەگرێتەوە. ئەلشەرع بۆ زیاتر لە 20 ساڵ وەزیری دەرەوەی سوریا بووە.

فاروق ئەلشەرع پۆستی جێگری سەرۆکی سوریا هەبوو کاتێک شەپۆلی ناڕەزایی لە سوریا دەستی پێکرد، تەنها گەورە کاربەدەستێکی سوریایی بوو داکۆکی لە لەبەردانەواندن دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا، بەرەنجام لە سەرکردایەتی پارتی بەعس لادرا و بە تەواوەتیش لە ڕووی سیاسییەوە لە پەراوێز نرا.

ئەلموعەلیم، لە ساڵانی نەوەتەکاندا نێردراوی سوریا بوو بۆ واشنتۆن و لەو ماوەیەشدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینی لە وتووێژی ئاشتیانەی دیمەشق لەگەڵ ئیسرائیلدا.

XS
SM
MD
LG