Accessibility links

وەزیرێکی فەڕەنسایی ئاگاهی دەداتەوە بە تورکیا


وەزیری کاروباری یەکێتی ئەوروپا لە فەڕەنسا ئاماژە بە شییانی سزای ئابوری دەکات لەسەر تورکیا.

لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، کلیمان بۆون بۆ بەرنامەیەکی ئیستگەی ئەوروپا یەک و هەروەها ڕۆژنامەی لی ئیکۆ، باسی لەوە کردووە "ئەم سزایانەی یەکێتی ئەوروپا ژمارەیەک کەرت لە تورکیادا دەگرنەوە" و هۆکارەکەیشی وەها باس کردووە کە بەهۆی هەڵوێستە شەڕانگێزییەکانی تورکیاوەیە لەسەر سنوری ئەوروپا.

ئەم وەزیرەی فەڕەنسا دەڵێت "هەموو بژارەکان کراوەن" تەنانەت سزا سەپاندنانە، تاکە کەسەکانیش دەگرێتەوە وەک ئەو سزایانەی خراونەتە سەر ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا بەهۆی گەڕان بە شوێن سوتەمەنیدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

وەک ئاماژەیەکیش بەو هەواڵانەی بڵاوکرابوونەوە کە دەشێت یەکبوونی گومرگ لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیادا، کلیمان بۆون وەزیری کاروباری یەکێتی ئەوروپا لە فەڕەنسا دەڵێت "لەوبڕوایەدا نیم باشترین بژارە بێت."

لە کۆتایی مانگی 10دا، یەکێتی ئەوروپا ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئانکەرە و هەڵوێستەکانی تورکیای بە "قەبوڵ نەکراو" ناودێر کرد، بەڵام بڕیاردانی دواخستووە بۆ کۆبوونەوە لوتکەییەکەی مانگی 12 دەکرێت.

بۆون دەڵێت "لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی پێشووی یەکێتی ئەوروپادا دەرفەتێک درا بە تورکیا و ئەو وڵاتە ئاماژەی بچوکی دا بۆ هێوربوونەوەی ڕەوشەکە، بەڵام ئەوەتا جارێکی تر ڕێگەی وروژاندن و شەڕانگێزیانەی بەکارهێناوەتەوە، هەر بۆیەشە بە دڵنیاییەوە یەکێتی ئەوروپاش هەنگاوی زیاتر دەنێت."

بۆون، لە لێدوانەکانیشدا ئاماژەی بەوە کردووە وەک دەڵێت "لە 10 بۆ 15 ساڵی ڕابردوودا، لەوبڕوایەدابووین تورکیا دیموکراسیەتێکی گونجاوی هەیە، هاوشێوەی دیموکراسی کریستیانەکان، بەڵام لەسەر شێوازی ڕۆژهەڵاتی، کە هەنگاو بە هەنگاو هاوتەریب بکرێت لەگەڵ هاوچەرخیبووندا."

وەزیری کاروباری یەکێتی ئەوروپا لە فەڕەنسا دەڵێت "تورکیا ڕێبازێکی ئیسلامیانەی شەڕانگێزانەی گرتۆتەبەر لە ڕووی ڕۆشنبیری و جیۆسیاسییەوە لە هەموو بوارەکاندا و لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە ناگۆرنۆ کارەباخیش بینیمان، هەر بۆیە پێویستە ساویلکە نەبین."

کلیمان بۆون دەڵێت "فەڕەنسا بە تەنها نییە لە بەرەنگاربوونەوەی تورکیادا و لای هەموو وڵاتانی ئەوروپاییش هیچ گومانێک نەماوە سەبارەت بە بەهای بەڕێز ئەردۆغان و ڕژێمەکەی."

XS
SM
MD
LG