Accessibility links

ئیسرائیل پێگەکانی حەماس دەتەقێنێتەوە


ئیسرائیل ژمارەیەک پێگەی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینییەکانی تەقاندۆتەوە وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە موشەکییەی حەماس لە فەلەستینەوە کردبوویە سەر ئیسرائیل.

لەشکری ئیسرائیل دەڵێت شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە دوو موشەک لە کەرتی غەززەوە گیراونەتە ئیسرائیل و لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە "دوای ئەو هێرشە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە فڕۆکە جەنگییەکان و تانکەکانیش بۆردومانی پێگەکانی حەماسیان کردووە."

هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا ئاماژەش بەوە کراوە، لەشکری ئیسرائیل لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە دەکات و ئامادەشە بۆ کردەی لەشکریی یەکلاکەرەوە دژی هەر هێرشێکی تێرۆریستی کە خەڵکی سیڤیل بکاتە ئامانج و هەروەها دژی هەر پێشێلکارییەکی سەروەری ئیسرائیل.

لە کەرتی غەززەش سەرچاوە ئاسایشییەکان هێرشەکانی ئیسرائیلیان پشتڕاست کردۆتەوە لە خان یونس و ڕەفح و بیت حانون، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەسەر زیانی گیانی نەداوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە موشەکییە بۆ سەر ئیسرائیل ڕانەگەیاندووە.

لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی نیشتەجێکردنی ئیسرائیل و ڕێکخراوێکی چاودێریکردنی ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوون دەڵێن "ئیسرائیل بڕیاری درێژەپێدانی سەدان خانوبەرەی داوە بۆ دانیشتوانی جو لە گەڕەکێکی ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم.

وەزارەتی نیشەجێکردن ئەمڕۆ یەکشەممە وتوویەتی کۆنتراکتەرەکان (بە مەرجی کەمی نرخ) دەتوانن تەندەری خۆیان بدەن بۆ دروستکردنی زیاتر لە 1200 خانوی نوێ لە ئۆردوگای جەفعات هاماتوس لە ئۆرشەلیم.
ڕێکخراوی چاودێری ئۆردوگاکانی نیشتەجێکردن و ڕەخنەگرانیش لەم بڕیارە دەڵێن دروستکردنی ئەو خانوانە شاری بەیت لەحمی فەلەستینییەکان لە ڕۆژهەلاتی ئۆرشەلیم دادەبڕێت و دەشبێتە مایەی بڕینی ڕێگەی هاتووچۆی فەلەستینییەکان بۆ بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم. فەلەستینییەکان داوا دەکەن ئەو بەشەی شاری ئۆرشەلیم ببێتە پایتەختی دەوڵەتەکەیان.

بزوتنەوەی ئاشتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل، گورزێکی کوشندەیە لە ئاسۆی ئاشتی و شییانی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان.

XS
SM
MD
LG