Accessibility links

نوێترین ئاماری زیانە گیانییەکانی کۆرۆنا


لەوەتای پەتای کۆرۆنا لە مانگی 12ی ڕابردووەوە بڵاوبۆتەوە بۆتە مایەی مردنی 1.313.471 کەس و توشبوونی 54.001.750 کەس لە سەرانسەری جیهاندا، بەثیی ئەو ئامارە فەرمیانەی بڵاوکراونەتەوە.

ئامارە فەرمییەکانی وڵاتانی جیهانیش ئاماژەیان بەوە کردووە تا ئێستا بەلانیکەم 34.599.700 کەس لەم پەتایە چاکبوونەتەوە.

ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێس ئەم ئامارانەی کۆکردوونەتەوە و ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردوونەتەوە و یەکێکیش لە سەرچاوەکانی، بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانە.

ئەم ژمارانە، ژمارەی تەواوەتی نین، چونکە لە زۆر وڵاتدا پشکنینە تەندروستییەکان ناکرێن تەنها بۆ ئەوانە نەبێت کە لە بارێکی ئێجگار خراپی تەندروستیدان، هەندێک وڵاتیش پشکنینەکان لەسەر بنچینەی بەدواداچوون دەکات بۆ تێکەڵبوونی ئەوانەی تووشی ئەم پەتایە بوون لەگەڵ خەڵکی تردا، هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی هەژاریش تواناییەکانیان سنوردارە بۆ ئەنجامدانی پشکنینە تەندروستییەکان.

لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 9.246 کەس لە جیهاندا بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە و 607 هەزار و 998 کەسیش توشی ئەم پەتایە بوون.

لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی گیانی هەبووە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بە هۆی پەتای کۆرۆناوە، ئەمریکا 1351 کەس گیانیان لە دەستداوە، بەرازیل لە ڕیزبەندی دووهەمدایە 921 کەس و مەکسیک لە پلەی سێهەمدایە 635 کەس.

لەوەتای ئەم پەتایە بڵاوبۆتەوە لە ئەمریکا 245.614 کەس گیانیان لە دەستداوە و 10.905.598 کەسیش تووشی پەتاکە بوون و وەک لە ڕاپۆرتی زانکۆی جۆن هۆپکینزدا هاتووە، زیاتر لە 4.148.444 کەس پەتاکەیان تێپەڕاندووە.

لە دوای ئەمریکا وڵاتی بەرازیل دێت و تا ئێستا 165.658 کەس گیانیان لە دەستداوە لە سەرجەم ئەو 5.848.959 کەسەی تووشی پەتاکە بوون.

لە هیندستان 129.635 کەس گیانیان لە دەستداوە و 8.814.579 کەسیش پەتای کۆرۆنایان هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی زانکۆی جۆن هۆپکینز، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە ئەمریکا 184 هەزار کەس تووشی پەتاکە بوون.

XS
SM
MD
LG