Accessibility links

فشاری شەقام و نزیکی هەڵبژاردن، پشکە بودجەی هەرێمی بە پەرلەمانی عێراق ڕاگرت


پەرلەمانی عێراق بەیاسا ناردنی بودجە و موچەی هەرێم و فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرت، تا ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان ڕازی دەبێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ و ڕادەستکردنی بەشێک لە داهاتە نەوتی و نا نەوتیەکانی بە حکومەتی عێراق.

بڕیارەکەی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدایە پەرلەمانتارانی عێراق، هەرێم تۆمەتبار دەکەن بە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ عێراق و بردنی بەشێک لەداهاتەکەی، بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەست بکات.

ڕاگرتنی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قوڵی داراییدایە، سەرباری ئەوەی مانگانە 320 ملیار دیناری لەبەغداوە بۆ دەنێردرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت موچە لەکاتی خۆیدا بدات و نزیکەی دوو مانگ جارێک، موچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکات.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد کوتلە و پەرلەمانتارە شیعەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، لەبەردەم فشارێکی گەورەی شەقامی عێراقیدان، بەتایبەت کە هەڵبژاردن نزیکە، وینەیەکیش لای شەقامی عێراقی دروستبووە، کە حکومەتی هەرێم داهاتی خۆی دەبات و لە پشکی ناوچەکانی عێراقیش بودجەی پێدەدرێت، ئەمەش ناڕەزایەتیەکی گەورەی دروستکردووە، وتی"یەکەمجارە پەرلەمانتارە شیعەکانی نێو لیژنەی دارایی، نەک لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوتلە و پێکهاتەکانی تر، بەڵکو لەنێو خۆیاندا بووە مشت و مڕیان، یەکتریان تۆمەتبار دەکرد بە هۆکاری ناردنی پارە بۆ هەرێم، لەکاتێکدا هەرێم پشکی خۆشی دەبات و پابەند نابێت بە ڕێککەوتنەکانەوە."

بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕاگرتنی پشکی هەرێم، دوای ئیمزاکردنی لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە دەبێتە یاسا و دەبێت حکومەت پێوەی پابەند ببێت، لە حاڵەتی ئیمزا نەکردنیشیدا لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، بەوتەی یاساناسان، دوای تێپەڕبوونی 15 ڕۆژ، دەبێت وەکو یاسا کاری پێبکرێت و هێزی یاسایی دەبێت.

دەقی ئەو پرۆژەیەی پێشتر نێردرابووە پەرلەمانی عێراق، بە جۆرێک بوو، کە حکومەتی عێراق مانگانە 320 ملیار دینار دەدات بەهەرێمی کوردستان، تا کاتی پەسەند کردنی بودجەی 2021، بەڵام پەرلەمانتارانی کوتلە شیعیەکان، پرۆژە تازەکەیان بەجۆرێک داڕشتەوە، 320 ملیار دینارەکەی هەرێمیان لابرد و بەندێکیان بۆ زیادکرد، کە دەبێت هەرێم بەپێی ئەوی سیغەیەی کۆمپانیای سۆمۆ دیاریدەکات، نەوت و داهاتە نا نەوتیەکان ڕادەست بکات، لەسەر ئەو بنەمایە موچە و بودجە بدرێتە هەرێم.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، 320 ملیار دینارەکە، ئەم مانگەش لەلایەن بەغداوە بەهەرێم دەدرێت، بەڵام دواتر ئەو بڕە پارەیە ڕادەگیرێت، گەر هەرێم و بەغدا ڕێککەوتنێکی نوێ ئەنجام نەدەن.

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسی و ئابوریەکان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کێشە دارایی و ئابوریەکانی هەرێم قوڵە و گەیشتووەتە دۆخێکی خراپ، بۆ ئەوەی ڕێگە لەخراپتربوونی بگیرێت، تەنها چارەسەر چاکسازی دارایی و ئابووریە، عێراقیش هەمان دەردی هەیە، تەنها و تەنها پێویستی بە چاکسازیە."

وتیشی" گەر نرخی نەوت بەرزیش ببێتەوە و کۆرۆناش نەمێنێ، کێشەکانی هەرێم و بەغدا بێ چاکسازی چارەسەر نابن."

هەرچەندە پەرلەمان بەیاسا بڕینی بودجە و موچەی هەرێمی چەسپاندووە، بەڵام هێشتا دوو دەروازە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەبەردەم هەرێمدایە، دەروازەی یەکەم: ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدایە لەسەر داهاتە نەوتی و نا نەوتیەکان و دیاریکردنی پشکی هەرێمە لە بودجەی 2021، دەروازەی دووەمیش: گەر گرفت بۆ پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دروستبوو و پەسەند نەکرا، ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی کاتی یە لەنێوان هەردوولا، لەسەر چۆنیەتی ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکان و دیاریکردنی بڕی بودجە بۆ هەرێم.

هۆشیار عەبدوڵا، باسی ملەوەکرد حکومەتی هەرێم دەرفەتی لەبەردەمدایە تا لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ ڕێکبکەوێت، ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێم لەبودجەی 2021، بەڵام گەر لەم چەند مانگەدا، هەرێم لەگەڵ سۆمۆ ڕێکنەکەوێت، ئەوکات گرفتی گەورە و کارەسات بۆ هەرێم دروست دەبێت.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێراق لەدوا سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی هەرێمی هانداوە بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر و یەکلایی کەرەوە لەگەڵ بەغدا، تا کێشە دارایی و ئابوریەکان بەهەڵواسراوی نەمێننەوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم چاویان لەسەر کوتلە دۆستە شیعی و سونیەکانیان بووە، پێیانوابووە ڕێگر دەبن لەبەردەم دەرچواندنی بڕیار لەدژیان، بەڵام ئەو کوتلانە بەهۆی فشاری شەقام و نزیکی هەڵبژاردن، نەیانتوانی ڕێگری بکەن لەبڕیارەکەی پەرلەمان لەدژی هەرێم.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:06:04 0:00


XS
SM
MD
LG