دادگایەکی تورکیا ڕۆژنامەوانێکی ئۆپزسیۆن ئازاد دەکات پاش 5 مانگ لە دەستگیرکردنی و هێشتنەوەی لە گرتوخانەدا بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەو تاوانەی ڕووبەڕووی بووبووەوە، وەک دەگوترێت ئاشکرا کردنی زانیاری نهێنی بووە لەسەر قەیرانەکانی لیبیا و سوریا.
مویەسر یەڵدز، ڕێکخەری هەواڵەکان لە کەناڵی ئۆدا تیڤی لە مانگی 6دا لەگەڵ ئیسماعیل دوکل کە بۆ تێلی 1 تیڤی ئانکەرە، کار دەکات دەستگیر کران.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ڕێکخراوی پی 24 بۆ مافەکانی مرۆڤ، دادگایەک لە ئانکەرەی پایتەخت بڕیاری ئازادکردنی خانم یەڵدزی داوە بەڵام ناتوانێت بچێتە دەرەوەی تورکیا تا دادگایی دەکرێت.
بە هەمان شێوەش بڕیاری قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی وڵات لەسەر ئیسماعیلیش دراوە.
هەردوو ڕۆژنامەوان بە ئاشکراکردنی زانیارییە نهێنییەکان گوناهبارکراون و بڕیاریشە دانیشتنی داهاتووی دادگا ڕۆژی 6ی مانگی یەک بکرێت.
میدیای تورکیا دەڵێت، هەردوو ڕۆژنامەوان بە دزەپێکردنی زانیاریەکانی تایبەت بوون بە پلانەکانی تورکیا بۆ شەڕی لیبیا و سوریا گوناهبار کراون و دەشڵێن خانم یەڵدز، ژمارەیەک پەیوەندی گرنگی تەلەفونی کردووە لەگەڵ کارمەندانی لەشکریدا سەبارەت بە یەکەکانی لەشکری تورکیا لە لیبیا.
تورکیا پشتیوانی لەو سەرهەڵداوانەی سوریا دەکات کە دەیانەوێت ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد بڕوخێنن. تا ئێستاش ژمارەیەک هێرشی کردووە دژی چەکدارەکانی داعش و هەروەهاش دژی کوردەکانی سوریا کە ئەمریکا پشتیوانیان دەکات. تورکیا کوردەکانی سوریا بە تێرۆریست ناودێر دەکات.
لە لیبیاش تورکیا پشتیوانی لە حکومەتی تەرابلوس دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیپێداناوە.
ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان دەکەن، زۆر جار تورکیایان گوناهبار کردووە بە بنکۆڵ کردنی ئازادی ڕاگەیاندن لە ڕێی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و هەروەهاش داخستنی میدیاکانەوە.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور، تورکیا لە ڕیزبەندی 154دا داناوە لەو ڕیزبەندیەی بۆ 180 وڵات داڕێژراوە لەسەر بنچینەی ئازادی ڕاگەیاندن.