Accessibility links

چین خۆی دوور دەگرێت لە پیرۆزبایی بۆ بایدن


وڵاتی چین خۆی دوورەپەرێز گرت لەوەی پیرۆزبایی لە جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بکات و دەڵێت پێویستە بەرەنجامی دەنگدانەکە دیاربکرێت.

هاوکاتی ئەوەی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا هێشتا دانی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا نەناوە و ژمارەیەک داوای یاسایی تۆمار کردووە، بەڵام زۆرێک لە ڕێبەرانی جیهان پیرۆزباییان لە بایدن و هەروەهاش لە کامڵا هێرس، جێگری بایدن کردووە، پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە ڕاگەیەندرا دیموکراتەکان براوەی هەڵبژاردنن و لە شارەکانی ئەمریکاشدا ئاهەنگ کرا بۆ ئەو سەرکەوتنە.

چوار ساڵی ڕابردووی سەرۆک ترامپ، بە چوار ساڵی شەڕی بازرگانی و پەیوەندییەکی سارد و سڕ لەگەڵ چیندا دەناسرێتەوە و ئەم دوو زلهێزەی جیهانیش ناکۆکییەکی گەورەیان هەبووە لەسەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەروەهاش لەسەر تۆمارەکانی وڵاتی چین بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بێژینگ و لە هۆنگ کۆنگ.

وڵاتی چین لەگەڵ ولاتە سەرەکییەکانی تری وەک ڕوسیا و مەکسیکۆ، هێشتا پیرۆزباییان لە سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراو نەکردووە.

وانگ وین بین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێران وتوویەتی " بە تێگەیشتنی ئێمە بەرەنجامی هەڵبژاردن بە پێی یاسا و ڕێوشوێنەکانی ئەمریکا دیاردەکرێت."

لەگەڵ ئەوەشدا کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین خۆی لادەدا لەوەی دان بە سەرکەوتنی بایدندا بنێت لە هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا وێڕای پرسیاری بەردەوامی پەیامنێران، بەڵام دەشڵێت "هیوادارین حکومەتی نوێی ئەمریکا لە نیوەی ڕێگەدا لەگەڵ چین بە یەک بگەنەوە."

سەرۆک ترامپ دانپێدانانی بەم ئەنجامە بەراییانەی هەڵبژاردندا ڕەتکردۆتەوە و ڕۆژی یەکشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە " لەکەیەوە میدیا بڕیار دەدات کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتوومان."

XS
SM
MD
LG