Accessibility links

شەڕی خوێناوی لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ


ئەرمینیا دەڵێت شەڕ بەردەوامە لە شاری شوشا لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ کە بە شارێکی سەرەکی ئەو هەرێمە دادەنرێت.

ئەم لێدوانەی یەریڤان تەنها یەک ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنەکەی ئازەربایجانە کە دەڵێت هێزە سەربازییەکانی دەستیان گرتووە بەسەر ئەو شارەدا و لە هێزە جوداییخوازە ئەرمینیاییەکان سەندراوەتەوە.

ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لەشکری ئازەربایجان کۆنترۆڵی شاری شوشایان کردووە. ئەرمینیاییەکان ئەم شارە بە شاری شوشی ناودێر دەکەن و شارێکی گرنگی ستراتیژییە و دووهەم گەورەترین شاری هەرێمی ناگارنۆ کاراباخی مشتومڕ لەسەرە.

کاربەدەستانی ئەرمینیایی، نکوڵییان لەو ڕاگەیاندنەی باکۆ دەکرد کە دەست بەسەر شارەکەدا گیرابێت و دەیانگووت "شەڕەکان بەردەوامن."

شوشان ستیپانیان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی "شەڕێکی قورس لە ناوچەی شوشی-کاریانتاک هەیە."

شوشی-کاریانتاک، گوندێکی ناوچەکەیە لەو بەرزاییانەی شارەکەی لێیە.

خانم ستیپانیان دەڵێت "دوژمن پاشەکشەی کردووە، هێزە دۆستەکان توانیویانە دەست بگرن بەسەر ژمارەیەک شوێنی گرنگدا."

دەستبەسەردا گرتنی شوشا دەبێتە سەرکەوتنێکی سەرەکی بۆ ئازەربایجان لەم شەڕەدا کە 6 هەفتەیە دەستیپێکردۆتەوە لەسەر هەرێمی ناگارنۆ کاراباخ.

شاری شوشا نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە پایتەختی ناگۆرنۆ کاراباخەوە دوورە و کەوتۆتە سەر ئەو ڕێگە سەرەکییەی هەرێمەکە دەبەستێتەوە بە ئەرمینیاوە.

ئەم شەڕانە لە درەنگانێکی مانگی 9وە دەستیان پێکردووە لە نێوان ئازەربایجان و جوداییخوازاندا لەسەر ناوچەی کاراباخ کە نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندوە.

شەڕەکانی ئەم دواییە، خوێناویترین شەڕن لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕوویاندابێت و بەپێی ئامارەکان بەلانیکەم 1000 کەس کوژراون و دەیان خەڵکی سیڤیل لە نێو کوژراوەکاندان، هەرچەندە دەشگوترێت زیانە گیانییەکانی تا ئێستای ئەم شەڕە زۆر زیاترە.

XS
SM
MD
LG