Accessibility links

ڕوسیا چاوەڕوانی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنە تا پیرۆزبایی لە بایدن بکات


سەرۆکی ڕوسیا چاوەڕوانی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، بەر لەوەی پیرۆزبایی خۆی بکات لە سەرکەوتووی هەڵبژاردن، بەپێی لێدوانی وتەبێژی کرملن.

دیمتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرملن دەڵێت "ئێمە وەها بە ڕاستی دەزانین کە چاوەڕوانی تەواوبوونی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا بکەین. دەشمەوێت ئەوەشتان بیر بهێنمەوە سەرۆک پوتن بەردەوام دەڵێت ڕێز لە بژارەی خەڵکی ئەمریکا دەگرێت."

زۆرێک لە ڕێبەرانی جیهان، پیرۆزباییان لە جۆو بایدن کردوە وەک سەرکەوتووی هەڵبژاردن، پاش ئەوەی لە ئەژمارکردنی دەنگەکاندا، بە شێوەیەکی بەرچاو کەوتە پێش دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکاوە.

لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016ی سەرۆکایەتی ئەمریکادا هەر کە بڵاوکرایەوە، ترامپ هەڵبژاردنی لە هێلاری کلنتن بردۆتەوە، لە ماوەی تەنها یەک کاتژمێردا، ڤلادمیر پوتن پیرۆزبایی لە سەرۆک ترامپ کرد.

پیسکۆڤ دەڵێت، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە بەهۆی ئەو داوا یاساییانەی ترامپ تۆماریان دەکات بۆ ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان و دەشڵێت "جیاوازیی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردنە، بەرچاوە و لە 2016دا هیچ ڕاگەیەندراوێک لەسەر تۆمارکردنی داوای یاسایی نەبووە."

لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی وتەبێژی کرملندا وتوویەتی "مۆسکۆ ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ هەرکەسێکی ڕاگەیەندرا کە سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە."

لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016ی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، ڕوسیا گوناهبارکرا بەوەی دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە تا دانۆڵد ترامپ هەڵببژێردرێت، بەو هیوایەی ڕێبازێکی نەرمتری هەبێت بەرامبەر مۆسکۆ.

وەها چاوەڕوان دەکرێت جۆو بایدن، هەڵوێستێکی توندتری هەبێت لە بەرامبەر ڕوسیادا و زۆرجاریش لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا هێرشی زارەکی دەکردە سەر سەرۆک ترامپ سەبارەت بەوەی وەک دەڵێت "سەرۆک ترامپ زۆرێک لە سەرکوتکارانی لە جیهاندا لە ئامێز گرتووە، وەک ڤلادمیر پوتن."

XS
SM
MD
LG