Accessibility links

ڕاگەیاندنی جیاواز لە باکۆ و یەریڤانەوە


سەرۆکی ئازەربایجان دەڵێت هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەستیان گرتووە بەسەر شاری شوشی ستراتیژیدا.

ئەم شارە بە شارێکی ستراتیژی سەرەکی دادەنرێت لە هەرێمی ناگارنۆ کاراباخ، کە زیاتر لە یەک مانگە شەڕ تیایدا بەردەوامە لە نێوان هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان کە تورکیا پستیوانی دەکات و جوداییخوازانی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ کە ئەرمینیا پستیوانییان دەکات.

ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ سەرانسەری وڵاتەکەی دەڵێت "شوشی بۆ ئـێمەیە و کاراباخ بۆ ئێمەیە."

هاوکات ئارتسرون ئوفانیسیان،وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا، دوای وتارەکەی سەرۆکی ئازەربایجان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک نوسیویە " شەڕ لە شوشی بەردەوامە؛ چاوەڕوان بن و متمانەتان بە هێزە سەربازییەکانمان هەبێت."

شوشی، بەهایەکی گەورەی لەشکریانەی هەیە، چونکە دەکەوێتە ناوچەیەکی بەرزاییەوە و نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە باشوری ناوچەی پایتەختی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخەوە دوورە و هەروەها کەوتۆتە سەر ئەو ڕێگە سەرەکییەی هەرێمەکە بە ئەرمینیاوە دەبەستێتەوە.

عەلیێڤ، پەیمانی درێژەدانی داوە بە شەڕەکان تا ئەو کاتەی ئەرمینیا لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ دەکشێتەوە.

تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم هەواڵەی ئازەربایجانی هاوپەیمانی کردووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، هاوکاتی سەردانەکەی بۆ شاری قۆجە ئیلی لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەڵێت "خۆشحاڵی برا ئازەرییەکانمان کە هەنگاو بە هەنگاو شارە داگیرکراوەکان و هەرێمی ناگۆرنۆ کارەباخیان ئازاد کردۆتەوە، خۆشییە بۆ ئێمەش."

لە پۆستێکیشدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وەزارەتی بەرگری تورکیا نوسیویەتی " مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا و خڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری، ئەمڕۆ یەکشەممە لە باکۆ لەگەڵ عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجاندا کۆبوونەتەوە."

XS
SM
MD
LG