Accessibility links

سەرۆکی ئێران داواکانی ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکا دەکات


سەرۆکی ئێران داوا لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات تا وەک دەڵێت "قەرەبوی هەڵەکانی ڕابردوو بکاتەوە."

حەسەن ڕۆحانی داوا لە جۆو بایدن دەکات ئەمریکا بەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015دا مۆر کرا.

ئەم لێدوانانەی ڕۆحانی، بە لێدوانی گەورەترین کاربەدەستی ئێرانی دادەنرێت پاش سەرکەوتنی بایدن و کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.

سەرۆکی ئێران دەڵێت "ئێستا دەرفەت لەبەردەم بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکادایە بۆ قەرەبوکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان و ڕێزگرتن لە ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکانیش."
لە سەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپدا، ئاستی پشێوی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێراندا بەرزبوونەوە، لەمساڵیشدا گەیشتە ترۆپک.

یەکێک لەو هەنگاوە سیاسیانەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ گرتیەبەر، کشانەوە تاکلایەنەکەی ساڵی 2018ی ئەمریکا بوو لەو ڕێککەوتنە ناوکییەوی لەگەڵ ئێراندا مۆرکرابوو.

لە کاتەشەوە، ئەمریکا سزای قورسی سەپاندۆتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و ئابوری ئێرانیش بەهۆی ئەو سزایانەوە ئیفلیج بوو، هەروەهاش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە.

بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ، کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە گەورەترین وڵاتی سەرپەرشتکاری تێرۆریزم ناودێر کردووە و دەشڵێت ئامانجی ئەمریکا لە کشانەوە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە و سەپاندنی سزاکان گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێرانە.

هەر ئەمڕۆش یەکشەممە، موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "جیهان چاوی خستۆتە سەر ئەوەی ئایا بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن لە ڕێبازی ترامپ دەردەچێت سەبارەت بە ئێران یان نا."

XS
SM
MD
LG