Accessibility links

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: خەڵکی کوردستان دەنگ بە مستەفا کازمی نادات، ژمارەی کورسیەکانی کوردیش زیاد دەکات


بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەبەوەدەکات خەڵکی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق، دەنگ بە مستەفا کازمی نادەن، کازمی دەتوانێت لەو ناوچانە خۆی کاندید بکات، کە خەڵکی هەیە، دەڵێت"وەکو حیزبە کوردیەکانیش، بڕوا ناکەم بتوانین هیچ هاوپەیمانێتیەک، وەکو هاوپەیمانی کوردستانی جاران پێک بهێنین."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆران، دەڵێت"هەموو لایەنێک بۆی هەیە پاڵپشتی کاندید بکات، بەڵام بڕوا ناکەم مستەفا کازمی لە کوردستان دەنگ بهێنێت، کوردستان خەڵکی خۆی و کاندیدی خۆی هەیە، مستەفا کازمی لەو شوێنەی خەڵکی هەیە، دەتوانێت لەوێ پشتگیری کاندید بکات و خۆی کاندید بکات."

سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەلایەن حیزبە کوردیەکانەوە، خەسرەو گۆران ڕوونیکردەوە هەڵبژاردنی داهاتوو لەسەر بنەمای تاک ئەنجام دەدرێت، گەر حیزبەکان بچنە هەڵبژاردنەوە، دەبێت تاک کاندید بکەن، چونکە یاساکە وایە، وتی"بۆیە بڕوا ناکەم، بتوانین هیچ هاوپەیمانێتیەک وەکو هاوپەیمانی کوردستانی جاران بکەین، بەڵام دەکرێت لە ژێرەوە لایەنەکان پشتیوانی یەک بین، تا دەنگی کورد بەفیڕۆ نەڕوات و کورسی زیاتر بهێنین."

بەبڕوای بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، ژمارەی کورسیەکانی کورد لەپەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کەم ناکات، بەڵکو زیاتر دەکات، دەڵێت"بۆ ئێمە عێراق یەک بازنەیە بووایە باشتربوو، چونکە دەنگەکانمان لە بەغدا و بەسرەو کوت بە فیڕۆ نەدەچوو، بەڵام هەموو شت بەدڵی ئێمە نابێت و ناتوانین هەموو شت لەپەرلەمان تێپەڕێنین، ئەگینا ئێمە لەگەڵ یەک بازنەیی بووین بۆ عێراق، گەر ئەوەش نەکرایە، عێراق بکرایەتە 18 بازنە و هەر پارێزگایەک و یەک بازنە بێت، ئەمەش نەکرا، سەرباری ئەوەش، ئێمە خۆمان دەگونجێنین لەگەڵ یاساکە و هەوڵ دەدەین، کورسی زیاتر بهێنین و دەنگەکانمان بەفیڕۆ نەچێت."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆران پێیوانیە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی دیاریکراودا لەعێراق ئەنجام بدرێت، وتی"ڕەنگە فریا نەکەون، بەڵام ڕەنگە لە پایزی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

خەسرەو گۆران باسی سەردانەکانی ئەم دواییەی وەفدی حیزبەکەی بەسەرۆکایەتی خۆی بۆ لای لایەنە عێراقیەکان کرد، ئەوەی خستەڕوو ویستوویانە لە بیرکردنەوەی لایەنەکان تێ بگەن، تا بزانن بۆچوونیان لەسەر هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن چیە، بەشێکیان لەگەڵ هەڵبژاردن و یاساکە نەبوون لەنموونەی دەوڵەتی یاسا، بەڵام بانگەوازەکەی مەرجەعیەت و خواستی شەقام، ملکەچی کردوون، وتی"جارانی تر کە چووینە بەغدا، بۆ ئەوەچووین مافی کورد نەخورێ، بازنەکان بەشێوەیەکی داپەروەرانە دابڕێژرێن، تا لە کەرکوک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین مافی کورد نەخورێ، بۆ شەڕی یەکخستنی ناوچە کوردیەکان چووین."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێیوابوو هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، هەندێک گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام نابێتە هۆی کەنارخستنی حیزبە سیاسیەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:36 0:00


XS
SM
MD
LG