Accessibility links

هاوکاتی تیشک خستنە سەر هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، مەترسیەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان و سورێژە زیاد دەکەن


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی هەینی هۆشداری دابەهۆی کۆتو بەندەکان لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و داواکارییەکان بۆ سەرچاوەکان زیان گەیشتووە بە بەرنامەکانی کوتان دژ بە ئیفلیجی منداڵان و سورێژە لە ناوچە هەژارنشینەکانی جیهاندا.

لە میانەی لێدوانێکی ئاسایی ڕێکخراوەکە لە ژنێڤ بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریۆسس گوتی لەسەرتای ئەمساڵدا ئافریکا ڕزگاری بوو لە پۆلیۆ، سوپاس بۆ هەوڵەکانی هاوکاری کردنی چەندین ڕێکخراو و حکومەتان و ملیۆنان کارمەندی تەندروستی.

بەڵام گوتیشی لەو کاتەوەی پەتای کۆرۆنا دەستیپێکردووە، بەرنامەی کوتانی ئاسایی وەکو ئەوانەی پۆلیۆ لە ئافریکا ڕاگیراون، ئەمەش جارێکی تر منداڵانی خستۆتەوە نێو مەترسییەکانی توشبوون بە ئیفلیجی، سورێژە و هەوبوونی سییەکان (نمۆنیا). ئەو گوتیشی لە ئێستادا ئاژانسەکەیان چاودێری ئەو جۆرە نەخۆشییانە دەکات.

تێدرۆس گوتیشی بەر لە دەستپێکردنی پەتای کۆرۆناش، سورێژە جارێکی تر لە سەرانسەری جیهان سەریهەڵدایەوە. لە ساڵی ڕابوردوودا زۆرترین ژمارەی توشبوون لە ماوەی 20 ساڵی ڕابوردوودا بینرا. لە هەمانکاتدا چاوەڕوان دەکرێت گواستنەوەی پۆلیۆ لە وڵاتانی وەکو پاکستان و ئەفغانستان و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئافریکا کە کوتان تیایدا بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجام نەدراوە زیاد بکاتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت سەرنەکەوتن بۆ کۆنترۆڵکردنی پۆلیۆ لە ئێستادا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ئەم نەخۆشییە لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا، دەشێ ساڵانە هەتا 200 هەزار حاڵەت ڕابگەیەندرێت.

تێدرۆس دەڵێت WHO و UNICEF داواکارییەکی بەپەلەیان کردووە بۆ کۆکردنەوەی 655 ملیۆن هەزار بەپەلە 400 ملیۆن بۆ پۆلیۆ و 255 ملیۆن بۆ سورێژە تا مەترسییەکانی ئەو نەخۆشیانە بۆ سەر مندالان کەمبکرێتەوە.

ئەو گوتیشی نابێت جیهان ڕێگە بدات بەهۆی شەڕی ڤایرۆسێکی کوشندە نەخۆشییەکانی تر لە بیربکرێن.

XS
SM
MD
LG