ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کارناکاتە سەر سیاسەتی تاران بەرامبەر بە واشنتن.
لە وتارێکیدا کە ڕاستەوخۆ لە تەلەفیزیۆنی دوڵەتییەوە پەخش دەکرا خامەنەئی گوتی "سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە ئەمەریکا بە ڕوونی دانراوە و لەگەڵ گۆڕینی کەسەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا نایات. بۆ ئێمە گرنگ نییە کێ دێت و دەڕوات."
خامەنەئی لە ساڵیادی دەست بەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تاران کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەمەد قسەی کرد.
خامەنەئی بەو خوێندکارە ئیسلامییە توندڕەوانەی کە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و 52 کارمەندیان بۆ ماوەی 444 ڕۆژ بە بارمتە گرت، گوت کە " هێرشی خوێندکاران بۆ سەر هێلانەی ئەم سیخوڕانە زۆر گونجاو و ژیرانە بوو". لەو کاتەوە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا نییە.
ئێران ئەمساڵ بەهۆی نیگەرانی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە نزیکەی 36 هەزار کەسی لەو وڵاتە کوشتوە، کۆبوونەوە و چەند رووداوێکی دیکەی پەیوەند بە دەست بەسەراگرتنی باڵوێزخانەی ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە.
جۆ بایدن،کاندیدی دیموکراتەکان بەڵێنی داوە کە گەر ئێران پابەند بێت بە ڕێکەوتننە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 وە، ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنەی زلهێزانی جیهان لەگەڵ ئێراندا.
دانۆڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا لەو رێککەوتنە کشایەوە و سزاکانی ئەمەریکای جارێکی تر سەپاندەوە بە سەر ئێراندا.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەوممە بە تۆڕی CBS ئەمەریکای ڕاگەیاند دەخوازێت ئەمەریکا دووبارە بگەڕێتەوە سەر رێککەوتنەکە و گوتی بەڵام " پەیوەندی دووبارە مانای دانوستان نییە" چونکە "ئەگەر بمانویستایە دانوستان بکەین، چوار ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپ ئەنجاممان دەدا".
زەریف بە CBSگوت " لێدوانانەکانی کەمپینی بایدن زیاتر هیوابەخشە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بین و سەیر بکەین بزانین چی دەبێت."
ترامپ باسی ئەوەی کردووە کە دەیەوێت ڕێککەوتنێکی فراوانتربکات کە بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران و چالاکییەکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمەکەدا دەستنیشان بکات. ئێران هیچ دانوستانێکی قەبووڵ نەکردوە، مەگەر ئەوەی سەرەتا واشنتن بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتننامەکە .