Accessibility links

ئەرمینیا و ئازەربایجان و ئاگاهیدانەکەی یو ئێن


وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا دەڵێت لە ئاکامی ئەو بۆردومانەی هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان کردوویەتی کەسێکی سیڤیل کوژراوە و دووانی تریش بریندارن، ئەمەش بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار دادەنرێت لە شەڕی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ.

شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، مەترسی شەڕێکی گشتگیری لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئاراوە بەتایبەتیش لەو ڕوانگەیەوەی ڕوسیا لە بەرژەوەندی ئەرمینیا و تورکیا لە بەرژەوەندی ئازەربایجان دەست وەربدەنە شەڕەکەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا دەڵێت "ئازەربایجان تۆپبارانی پێگەکانی هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیای کردووە و هەروەهاش شارۆچکەی داڤیدبێک.

ئەم دوو وڵاتە کە پێشتر بەشێک بوون لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، زیاتر لە یەک مانگە لە شەڕێکی خوێناویدان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ کە ناوچەیەکی ئازەربایجانە و ئەرمینیاییە جوداییخوازەکان کۆنترۆڵیان کردووە لەوەتای یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشاوەتەوە.

ڕوسیا لە هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕ بگاتە ناو خاکی وڵاتی ئەرمینیاوە، ئەوا مۆسکۆ دەچێتە ناو شەڕەکەوە. ئەم لێدوانەی کرملن، دوابەدوای داوایەکی فەرمی سەرەک وەزیری ئەرمینیا بوو لە ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا تا دانیشتنە ڕاوێژکارییەکان بە پەلە دەستپێبکەن سەبارەت بە "هاوکارییە ئاسایشییەکان."

بەپێی ئامارەکانی ئەرمینیا بڵاویان دەکاتەوە، لەوەتای مانگی 9وە کە شەڕ دەستیپێکردووە، لە هەردوولا زیاتر لە 1300 کەس کوژراون و بە هەزاران کەسیش لە هەردوو وڵاتدا ئاوارەبوون، بەڵام بڕوا وەهایە کە ژمارەی زیانە گیانییەکان زیاتر بێت لەوەی بڵاوکراوەتەوە چەنکە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئازەربایجانهیچ زیانێکی گیانی سەربازەکانی خۆی بڵاونەکردۆتەوە.

لە کۆتایی مانگی 10دا بوو، پوتن وتبووی نزیکەی 5000 کەس لە هەردوو لای ئەم شەڕە کوژراون.

میشێل باشلیە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر ئەو هێرشانە بۆسەر خەڵکی سیڤیل ئاگاهیشیداوە بە ئازەربایجان و بە ئەرمینیا وەک دەڵێت "ئەم جۆرە هێرشانە دەشێت بچنە خانەی تاوانی جەنگەوە."

میشێل، نیگەرانیشی دەربڕیوە لەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی کە بە "جێی نیگەرانییەکی زۆر" ناودێری کردوون. لەو دیمەنە ڤیدیۆییانەدا، سەربازەکانی ئازەربایجان دوو سەربازی ئەرمینیایی دیل دەکوژن.

XS
SM
MD
LG