Accessibility links

25 کوژراو و بریندار هەن لە شەڕەکانی ناو زانکۆی کابوڵ


پۆلیسی ئەفغانستان لەناو زانکۆی کابوڵ
پۆلیسی ئەفغانستان لەناو زانکۆی کابوڵ

بەلانیکەم 25 کوژراو و بریندار هەن لە ئاکامی ئەو هێرشەی ژمارەیەک چەکدار کردویانەتە سەر زانکۆی کابوڵ لە ئەفغانستان.

زانیارییە بەراییەکان ئاماژە بەوەدەکەن شەڕەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی زانکۆی کابوڵ لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکاندا چەند کاتژمێرێکی خایاندووە.

تاریق عوریان، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە "3 کەس هێرشەکەیان کردووە و یەکێکیان لە سەرەتادا بۆمبێکی تەقاندۆتەوە و هێزە ئاسایشییەکان 2 هێرشبەرەکەی تری کوشتووە."

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەشی بەوە کردووە کە ئەوەی زانراوە 25 کوژراو و بریندار هەن.

میدیاکانی ئەفغانستان باسیان لەوە کردووە کە پێشانگایەکی کتێب لەناو زانکۆکەدا کراوەتەوە بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئێران و ژمارەیەک لە گەورە کەسایەتییەکان، کاتێک کە شەڕ ڕوویداوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە، هاوکات تاڵیبان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "دەستی نییە لەو هێرشەدا." لە ئێستادا گومانەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە زیاتر کەوتۆتە سەر تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.

توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەردەوامن لە ئەفغانستان، وێڕای ئەوەی دانوستاندنی ئاشتی هەیە لە نێوان تاڵیبان و نوێنەرانی حکومەتی وڵاتەکەدا بۆ کۆتاییهێنان بە زیاتر لە 40 ساڵی قەیرانی خوێناوی ئەفغانستان.

لەگەڵ ئەوەشدا کاربەدەستانی ئەفغانستان باسکردنی کردنەوەی پێشانگای کتێبەکەیان ڕەت دەکردەوە، بەڵام ئاژانسی دەنگ و باسی ئیسنا (نیمچە فەرمی) درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە بڵاوی کردۆتەوە "بڕیارە بەهادور ئەمینیان، باڵێۆزی ئێران بۆ ئەفغانستان، هەروەها موجتەبا نەوروزی، سەرۆکی بەشی فەرهەنگی باڵیۆزخانەی ئێران پێشانگای کتێب دەکەنەوە لە زانکۆی کابوڵ و نزیکە 40 خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئێران بەشداری تیادا دەکەن."

تەلەفزیۆنی ئێراندەڵێت هێرشەکە ڕوویداوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی کاربەدەستەکانیەوە نەداوە.

XS
SM
MD
LG