Accessibility links

وتووێژێکی تایبەت لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا


لە یەک دوو ڕۆژی دوایی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کاندیدەکانی هەردوو لایەنی سەرەکی ئەمریکا، کۆماری و دیموکراتەکانیش هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە و هەڵمەتێکی گەورەی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە لەو ستانانەی بە ستانە سەرەکی و یەکلاکەرەوەکانی ئەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکا دادەنرێن.

هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن زۆر گەرموگوڕ بوون، بەشداری دەنگدەران لە دەنگدانی پێشوەختدا ژمارەیەکی زۆر گەورە بووە و بە زیاتر لە 92 ملیۆن دەنگدەر دادەنرێت لەسەرجەم نزیکەی 150 ملیۆن کەسی مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا کە بڕیارە ڕۆژی 3 ی مانگی یازدە بکرێت.

هاوکاران هێرۆ زەنگەنە و خالید فەتاح، لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا پێکەوە باس لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 ی ئەمریکا دەکەن.

هێرۆ زەنگەنە دەڵێت ژمارەیەکی بێپێشینەی دەنگدران بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختدا کردووە و هێشتاش نازانین ئایا چەند دەنگدەر ڕۆژی هەڵبژاردن دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەمەش وەها دەکات هەر لە ئێستاوە بگوترێت چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ڕێژەی دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا ببێتە ڕێژەیەکی پێوانەیی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەم ئاستی بەشدارییە نەبینرابێت.

هێرۆ زەنگەنە، ئاماژەش بەوە دەکات کە پێیوایە بەشێکی زۆری دەنگدەران لە ئەمریکادا خۆیان یەکلاکردۆتەوە لەسەر بنچینەی بەرنامەی کاری چوار ساڵی داهاتووی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا وەک ئاماژەی پێدەکات کە فاکتەرێکی تری گرنگیش هەیە لە دەنگداندا لە ئەمریکا وەک دەڵێت "دەشێت دیموکرات نەبیت و دەنگیش بە بایدن بدەیت، یان بە پێچەوانەوە کۆماری نەبیت و دەنگ بە ترامپ بدەیت." دەشڵێت پێویستە دەنگدەرەکانی هێشتا خۆیان یەکلانەکردۆتەوە بە هێند وەربگیرێن.

لە وەڵامی پرسیارێکی خالید فەتاحدا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لەم هەڵبژاردنەدا، هێرۆ زەنگەنە باس لەوە دەکات کە بەڵێ پەتای کۆرۆنا بابەتێکی سەرەکییە لەم هەڵبژاردنەدا بەڵام دۆسێکانی تری وەک بیمەی تەندروستی، ئابوری، گۆڕانی کەش و هەوا، جیاوازی ڕەگەزی، بەلای دەنگدەری ئەمریکاییەوە گرنگییان هەیە و لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیشدا زۆر سەرنج خراوەتە سەریان.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژی هاوکاران هێرۆ زەنگەنە و خالید فەتاحدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:15:02 0:00



XS
SM
MD
LG