Accessibility links

گومانبارێکی تر لە فەڕەنسا دەستگیر دەکرێت


دوو کەسی تەمەن 25 ساڵ و تەمەن 63 ساڵ دەستگیرکراون لە پەیوەندی بە دۆسێی ئەو هێرشەی بە چەقۆ کرا لە کڵێسای نۆتردام شاری نیس لە فەڕەنسا.

بەمەش ژمارەی دەستگیرکراوەکان لەسەر ئەو دۆسێیە گەیشتۆتە 6 کەس، بەپێی لێدوانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی کاربەدەستێکی دەسەڵاتی دادوەریی.

ئەو سەرچاوەیەی دەسەڵاتی دادوەری ئاماژەشی بەوە کردووە کە درەنگانێکی ڕۆژی شەممە، ئەو دوو کەسە لە ماڵی گومانبارێکی تردا دەستگیرکراون، پێشتر گومانبارەکەی تر دەستگیرکرابوو، کە تەمەنی 29 ساڵە و بە ڕەگەز خەڵکی وڵاتی تونسە، گومانی لەسەر بووە کە پەیوەندی هەبووە بە ئیبراهیم ئەلعیساوی، هێرشبەرەکەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەش یەکەم گومانبار دەستگیر کرابوو و پاش ئەوەی لە کامێراکانی چاودێریدا شانبەشانی هێرشبەرەکە لە چەند کاتێکی جیاوازدا دەرکەوتووە.

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی هەینیش گومانباری دووهەم دەستگیرکرا و تەمەنی 35 ساڵە.

ڕۆژی شەممەش وەک دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاند، گومانبارێکی تریش دەستگیر کراوە.

سەرجەم گومانبارەکانی دەستگیر کراون لە گرتوخانە هێڵراونەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە کردن.

بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە لێکۆڵینەوەکانەوە عیساوی ڕۆژی سێشەممە گەیشتۆتە شاری نیس، تەنها شەوێک لەو شارە ماوەتەوە و کامێراکانی چاودێری وێنەی عیساوییان گرتووە لە نزیک کڵێساکەوە و وەک سەرچاوەکان لە لێکۆڵینەوکانەوە باسی دەکەن هێشتا نازانرێت ئایا چیی وەهای کردووە عیساوی بچێتە فەڕەنسا و کەی ئەو بیرۆکەیەی لەلا دروست بووە و دەشڵێن بەردەوامن لە شیکردنەوەی پەیامەکانی ناو هەردوو تەلەفونەکانی و ئاماژەش بەوە دەکەن "لێکۆڵینەوەکانی وڵاتی تونس لەم دۆسێیەدا یەکلاکەرەوە دەبن."

دەسەڵاتی دادوەریی لە تونس دەستیان کردوە بە لێکۆڵینەوە کردن ودەڵێت عیساوی پاشخانی تاوانی هەیە لە وڵاتی تونس و ئەو تاوانانە پەیوەندییان بە توندوتیژی و بەنگ و موخەدەراتەوە هەیە.

عیساوی لە مانگی 9دا لە ڕێی قاچاغەوە گەیشتبووە ئیتالیا.

XS
SM
MD
LG