Accessibility links

لە شەشەم هەفتەی شەڕەکاندا هێشتاش باکۆ و یەریڤان یەکتر گوناهبار دەکەن


شەڕ لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ پێی ناوەتە شەشەم هەفتەوە و هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لۆمەی درێژە کێشانی شەڕەکان و شکستی ئاگربەستەکان لە ئەستۆی یەکتر دەنێن.

بەرپرسانی هەرێمی ناگۆرنۆ کارەباخ، دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان گوناهبار دەکەن و دەڵێن "فڕۆکە جەنگییەکانی باکۆ، شارۆچکەی مار تۆنییان کردۆتە ئامانج و هەروەهاش بە موشەک لە ژمارەیەک ناوچەی تریان داوە."
لەشکری ناگۆرنۆ کاراباخ دەڵێت هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بۆردومان و تۆپبارانی ناوچەکانی دانیشتوانیان کردووە.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان دەڵێت، هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا، تەقەیان لە پێگەکانی لەشکری ئازەربایجان کردووە لەسەر سنوری ئەرمینیا و هەروەها دەشڵێت ئەرمینیا تۆپبارانی ناوچەکانی تەرتەر و ئاغجابیدی کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی کاربەدەستانی ناگۆرنۆ کارەباخ، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 1166 سەربازی ناگۆرنۆ کاراباخ کوژراون و 45 کەسی سیڤیلیش. ئازەربایجان هیچ زیانێکی لەشکریی ئاشکرا نەکردووە لەم شەڕانەدا بەڵام دەڵێت نزیکەی 91 کەسی سیڤیل کوژراون و 400 کەسیش بریندارن.

ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا دەڵێت بەپێی زانیاریەکانی مۆسکۆ، ژمارەی ڕاستەقینەی ئەوانەی لە هەردوو لای شەڕەکە کوژراون زۆر زیاترە و نزیک بۆتەوە لە 5 هەزار کەس.

ئەمڕۆش یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتۆتە ئازەربایجان.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن ئەم سەردانەی مەولود چاوشئۆغڵو بۆ باکۆ بە مەبەستی جەخت کردنەوەیە لە پشتیوانی تورکیا بۆ ئازەربایجان.

چاوشئۆغڵو، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە " جارێکی تریش لەگەڵ براکانمانداین لە باکۆ، تا پستیوانی بەهێزی خۆمان نوێ بکەینەوە بۆ ئازەربایجانی ئازیز و هەروەها تا ئاڵوگۆڕی ڕوانینەکانمان بکەین لەسەر دوا پەرەسەندنەکان لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ."

نیکۆل باشینیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا، ڕۆژی شەممە داوای لە سەرۆکی ڕوسیا کردووە تا کۆبوونەوەیەکی بە پەلە بکرێت و تایبەت بێت بە یارمەتی و کۆمەکی ئاسایشیانەی ڕوسیا بۆ یەریڤان، وەک لە پەیماننامەی ئاسایشی گشتیدا هاتووە و ئەم دوو وڵاتە پێکەوە دەبەستێتەوە.

باشینان لە نامەکەیدا بۆ سەرۆکی ڕوسیا نوسیویە "شەڕەکان لە سنوری ئەرمینیا نزیک دەبنەوە." هەروەها لەو نامەیەدا جارێکی تریش تورکیای گوناهبارکردۆتەوە بەوەی پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکات.

مۆسکۆ لە ڕووی پرەنسیپییەوە ئامادەیی خۆی چەند بارە کردۆتەوە بۆ دابین کردنی "یارمەتی پێویست" لە ڕەوشێکدا ئەگەر شەڕەکان پەلیان هاویشت بۆ ناو خاکی ئەرمینیا.

ئەو پەیماننامەیەی نێوان مۆسکۆ و یەریڤان، هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ ناگرێتەوە.

XS
SM
MD
LG