Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا لە هەڵکشاندایە


هیواکان هەروادێ بەرەو ڕەواندنەوە دەڕۆن بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربوو لەناو داروپەردووی باڵەخانەکانی ڕۆژئاوای تورکیا پاش دوو ڕۆژ لەو بومەلەرزەیەی تا ئێستا بۆتە مایەی مردنی 49 کەس بەپێی ئەو ئامارانەی دەستەی فریاگوزاری تورکیا بڵاوی کردونەتەوە.

پێشتر وەها بڵاوکرایەوە کە 37 کەس لە تورکیا و 2 کەسیش لە یۆنان گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوبەرایەتی کارەساتە سروشتییەکان لە تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاندووە، 49 کەس لە ئاکامی ئەو بومەلەرزەیە گیانیان لەدەستداوە و 896 کەسیش بریندارن.

هێزی بومەلەرزەکە 7 بووە بە پێوانەی ڕێختەر وەک دامەزراوەی ڕووپێوی ژیۆلۆژی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن هێزی بومەلەرزەکە 6.6 بووە.

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بومەلەرزەکە لە ناو دەریای ئیجەدا ڕوویدا، لە باشوری ڕۆژئاوای شاری ئزمیر، سێهەم گەورەترین شاری تورکیا، هەروەها نزیکیش بووە لە دوڕگەی ساموس ی یۆنانییەوە.

شاری بایرقلی، کە لە هەموو شوێنەکانی تری تورکیا زیاتر زیانی لێکەوتووە، دەستە و تاقمە فریاگوزارییەکان لەمڕۆش یەکشەممەدا بەردەوام بوون لە گەڕان لە نێو داروپەردووی 8 باڵەخانەی داڕماودا.

کارمەندێکی ئەو دەستە و تاقمە فریاگوزاریانە بە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە "هێشتا بەلانیکەم 10 کەس لەژێر داروپەردووی یەکێک لە باڵەخانەکاندا ماونەتەوە."
شەوی ڕابردوو، توانراوە کەسێک دەربهێنرێتەوە پاش 33 کاتژمێر لە بومەلەرزەکە.

بومەلەرزەکە ئەوەندە بەهێز بووە، کە دانیشتوانی ئەستانبوڵ و هەروەها ئەسیناش هەستیان پێکردووە، هەر ئەو بومەلەرزەیەش بووە مایەی ڕوودانی سونامی لە دوڕگەی ساموس لەناو دەریای ئیجەدا و ئاوی دەریاکەشی بەرەو هەڵکشان برد و بەهۆیەوە شەقامەکانی شارۆچکەیەکی کەنارد دەریا لە ڕۆژئاوای تورکیا ژێر ئاو کەوتن.

بەهۆی ئەم کارەساتە سروشتییەوە، تورکیا و یۆنان، ناکۆکییەکانی خۆیان وەڵاوە ناوە و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی یەکتر.

لە ساڵی 1999دا بومەلەرزەیەک لە باکوری ڕۆژئاوای تورکیای داوە و17 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا کە نزیکەی هەزار کەس لە قوربانییەکان لە ئەستانبوڵ بوون.

XS
SM
MD
LG