Accessibility links

کاردانەوەکان لەمەڕ کۆچی دوایی دکتۆر نەجمەدین کەریم


ئەمڕۆ شەمە، دکتۆر نەجمەدین کەریم سیاسەتمەداری کورد و پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، کۆچی دوایی ناوبراو، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، تێڕوانینی جیاوازی لەسەر ئەدا و کارەکانی دروستکردووە، بەتایبەت لەو کاتەی کە لەکەرکوک و هەرێمی کوردستان پۆستی هەبوو.

دکتۆر نەجمەدین کەریم، هەرچەندە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، نێوانی لەگەڵ حیزبەکەی تێکچوو، بۆیە دوای مانەوەی بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان، گەڕایەوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

کامەران کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ دکتۆر نەجمەدین کەریم دا پێکەوە کاریان کردووە، پێیوایە ناوبراو پیاوێکی نیشتیمانی و کورد پەروەربووە، زۆر هەوڵیداوە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی کورد، دەڵێت" بەڵام لەڕووی ئیداری و حیزبیەوە هەندێک سەرنجی لەسەربوو، مامەڵەی حیزبیانەی وایکرد گرفتی نێوان حیزبەکان لەکەرکوک قوڵتر ببێتەوە، لە مەسەلەی پێشێلکاری دارایشدا، هەندێک تێبینی لەسەربوو، بەڵام خۆی سودمەند نەبوو، بەڵکو ئەوانە سودمەندبوون کە دواتر لێی هەڵگەڕانەوە."

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دکتۆر نەجمەدین کەریم لەسەر ئاستی حیزبی بەتەواوەتی بچڕابوو، هەرچەندە پەیوەندی کەسی لەگەڵ هەندێک سەرکردەی ئەو حیزبەدا مابوویەوە، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی یەکێتی بە تایبەت بەرپرسە کەرکوکیەکان، نێوانیان لەگەڵی خراپ بوو، بۆیە کاتێک دەنگی ئەمەریکا لەبارەی ئەدای نەجمەدین کەریمەوە قسەی لەگەڵ بەشێکیان کرد، هیچ کەسێکیان ئامادەنەبوون قسە بکەن.

هەرچەندە زۆربەی بەرپرسانی یەکێتی، دکتۆر نەجمەدین کەریم بە یەکێک لە هۆکارەکانی کەوتنی کەرکوک دەزانن، هەروەها نەجمەدین کەریمیش ئەوانی بە خیانەت کردن تۆمەتبار دەکرد، ئەمەش وایکرد نێوانیان تێکبچێت، بەڵام ناوبراو تاکاتی کۆچی دوایشی، نێوانی لەگەڵ کۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی و هەندێک بەرپرسی تری ئەو حیزبەدا ئاسایی بوو.

بۆیە کۆسرەت ڕەسوڵ بە بۆنەی کۆچی دوایی دکتۆر نەجمەدین کەریمەوە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە"یەکێک لەنزیکترین هاوڕێ و دۆستەکانی مام جەلال بوو، خزمەتێکی ئێجگار گەورەی بە میللەتەکەمان کردووە، هەمیشە خەباتی دەکرد لە پێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان."

دکتۆر نەجمەدین کەریم، هەرچەندە لەوکاتەی پارێزگاری کەرکوک بوو، نێوانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان خراپ بوو، بەڵام بەم دواییانە نێوانی لەگەڵ ئەو حیزبە ئاسایی بوویەوە و پشتگیری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو لەکەرکوک، هەروەها یەکێک بوو لە بڕیاردەرەکانی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو شارە، بێ گوێدانە ناڕەزایەتیەکانی عەرەب و تورکمان.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، ڕاگەیەنراوێکی بۆ کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم بڵاوکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە"دکتۆر نەجمەدین کەریم، ڕۆڵێکی گرنگی لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و ناساندنی پرسی کورد لەنێوەندە دبلۆماسی و ئەکادیمیەکانی جیهاندا هەبووە."

جوان حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەکوتلەی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕوونیکردەوە نەجمەدین کەریم لە دۆخێکدا بووە پارێزگاری کەرکوک، کە بودجەیەکی زۆری شارەکە لە بەغدا گیری خواردبوو، توانی پرۆژەیەکی زۆری گەورە بۆ کەرکوک جێبەجێ بکات، ئینجا توندیش بوو لە مامەڵە کردن لەگەڵ بەغدا و بەرامبەر بەغدا ڕادەوەستا، وتی"سەبارەت بەو قسانەش لە بابەتی گەندەڵی لەسەری هەبوون، ئەو دۆسیانە لە دەستەی نەزاهە و دادگان، دەبێت دادگا، ڕاستی و ناڕاستیان بسەلمێنێت."

دکتۆر نەجمەدین کەریم، ئەوکاتەی کە پارێزگاری کەرکوک بوو، جیاواز لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ناوخۆی حیزبەکەی و حیزبە کوردیەکانی تریشدا کە هەمیشە لە هەڵکشان و داکشاندا بوو، ناو بەناو پەیوەندیەکانی ئاسایی و جاروباریش گرژ، نێوانیشی لەگەڵ زۆرێک لە حیزبە عەرەبی و تورکمانیەکاندا ئاسایی نەبوو، تۆمەتباریان دەکرد بە هەوڵدان بۆ دابڕینی کەرکوک لە عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:46 0:00


XS
SM
MD
LG