Accessibility links

حەسەن جیهاد: نەهێشتنی دیاردەی چەکداری لە عێراق گرنگترین دۆسیەیە بە لای وڵاتانی نێودەوڵەتیەوە


ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق، پێیوایە گرنگیدانی حکومەتی عێراق بە پەیوەندیە نێودەوڵەتی و دەرەکیەکانی، دەبێتە هۆی ڕاکێشانی دەستی وڵاتان بۆ هاوکاریکردنی لەڕووی ئابووری و ئاوەدانکردەوە، دەڵێت" سەرۆک وەزیرانی عێراق کاتێک دەچێتە وڵاتان، بە گرنگیەوە لێیدەڕوانرێت، بەڵام گرفتە گەورەکە، گرفتاربوونی عێراقە بە دەست کێشە ناوخۆییەکانیەوە."

لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حەسن جیهاد ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، ئاماژەبەوەدەکات گەر عێراق سەقامگیری بۆ نەگەڕێتەوە و ژینگەی گونجاوی تێدا نەڕەخسێنرێ بۆ کار کردن، کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان ڕووی لێ ناکەن، وتی"تەنانەت خەریکبوو باڵیۆزخانەکانیش لە عێراق بڕۆن، چونکە لای ئەوان فرۆکەخانە و سەفارەتەکان زۆر شتێکی جەوهەریە، بۆیە بوونی ئاسایش و سەقامگیری یارمەتیدەرە تا وڵاتانی دەرەوە، پشتگیری ڕاستەقینەی عێراق بکەن، بەڵام ئێستا ڕوونە کۆمپانیاکان سڵ لە هاتن بۆ عێراق دەکەنەوە، گەر عێراق دڵنیایان بکاتەوە کە خەتەر لەسەریان نیە، ئەوکات عێراق سود لەو پەیوەندیانە زیاتر دەبینێت."

بەبڕوای حەسەن جیهاد، سەردانەکانی کازمی بۆ وڵاتانی دەرەوە، سودی ئەوەی هەیە کە ئەو وڵاتانە کەناڵەکانیان لەگەڵ عێراق دەهێڵنەوە و ڕێز لە ئیرادەی عێراق دەگرن، گەر عێراق پێویستیشی بە شتێک بێت، لەبوارێک لە بوارەکان، هاوکاری دەبن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، ئەو وڵاتانە بەهۆی دۆخی ناوخۆیی عێراقەوە، ناتوانن دەعمی گەورەی بکەن کە کاریگەری لەسەر بنیاتنانەوەی عێراق هەبێت، چونکە ئاسایش و سەقامگیری بۆ کۆمپانیاکان لەهەموو شت گرنگترە.

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، ڕوونیکردەوە ئێستا لە عێراق لەبەردەم دوو کێشەدایە، کێشەی یەکەم هەڵبژارددن و ئامادەکاریە بۆ ئەنجامدانی، پێدەچێت یاسای هەڵبژاردن لەپەرلەمان بڕوات و ڕەنگە یاسای دادگای فیدرالیش تەواو بکەن، ئەمانە زەمینە خۆشکەرن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، تا بزانین ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە چی فەرز دەکات، وتی"گەر هەڵبژاردن لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری بکرێت و گوزارشت لەئیرادەی عێراقیەکان بکات، گۆڕانکاری دێنێتە ئاراوە."

ناوبراو، ڕوونیشیکردەوە گرفتی دووەمی عێراق، گرفتی داراییە، کە لەدوای ڕووخانی بەعسەوە تا ئێستا ڕووینەداوە، گرفت بۆ موچەی فەرمانبەران دروست بووبێت، بەڵام ئێستا موچە دوادەکەوێت، ئەمانە گرفتن و دەبێت چارەسەر بکرێن.

دەربارەی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان، حەسەن جیهاد ئاماژەی بەوەکرد چۆنیەتی چارەسەرکردنی گرفتی گروپە چەکدارەکان، ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراقی لەسەر قیاس دەکرێت، ئەم کێشەیە بەلای وڵاتانەوە گرنگترین دۆسیەیە ،هەر لەسەر ئەمەش سەرکەوتن و شکستخواردنی حکومەت قیاس دەکەن، بۆیە دەبێت حکومەت ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە بکات، وا بکات لایەنەکان پێکەوە بن و ئەم دیاردەیە نەهێڵن، گەر لە نەهێشتنی دیاردەی چەکداری سەرکەوتوو بن، ئەمە گەورەترین سەرکەوکەوتن دەبێت بۆ حکومەتی عێراق.

بەبڕوای ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆمار، بوونی هێز و ڕاگەیاندن و پارە لای لایەنەکان، وایکردووە خەڵک زۆر گەشبین نەبێت لە گۆڕانکاری بە هۆی هەڵبژاردنەوە، بەڵام هەوڵدەدرێ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێوشوێنە نوێ یەکان، ساختەکاری کەم بکەنەوە، بەتایبەت شەقامی عێراقی و مەرجەعیەتیش هەڵبژاردنی پاکیان دەوێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، حەسەن جیهاد ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، ئەوەی خستەڕوو لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعسەوە، عێراق لەڕووی هەیبەت و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریەوە، وەکو دەوڵەتێکی باش تەماشا ناکرێت، بەڵام گەر هەڵبژاردن، حکومەتێکی باشی لێ بەرهەم بێت، ئومێدەکان زیاتر دەبن، بەپێچەوانەوە دۆخەکە دەگەڕێتەوە دواوە و چاوەڕوانی خراپتریش دەکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:14 0:00


XS
SM
MD
LG