Accessibility links

ڕوسیا بۆردومانی لایەنگرانی تورکیا دەکات لە سوریادا


بۆردومانکردنەکانی ڕوسیا، هاوپەیمانە سەرەکییەکەی ڕژێمی سوریا بوونەتە مایەی کوژرانی 78 سەرهەڵداوی کە تورکیا پشتیوانییان دەکات لە باکوری ڕۆژئاوای سوریادا.

چاودێرێک دەڵێت، ئەم ڕووداوە خوێناویترینیانە لەوەتای هەشت مانگ لەمەوبەرەوە کە ئاگربەست ڕاگەیەندراوە.

زیاتر لە 90 کەسیش بریندارن لەم بۆردومانەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا کە بنکەیەکی مەشق و ڕاهێنانی فەیلەقی شام کرابووە ئامانجی ئەو هێرشە ئاسمانیانە، وەک ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە.

لە سەرەتای مانگی 3دا ئەو ئاگربەستەی لە نێوان مۆسکۆ و ئانکەرەدا مۆرکرا بووە مایەی ڕاگرتنی هێرشەکانی لەشکری ڕژێمی سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا، بۆ سەر دوا پێگەی سەرهەڵداوان لە ئیدلب.

بەهۆی ئەو هێرشانەی مانگی دوازدەی ڕژێمی سوریاوە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارەبوون و ئەمەش بە یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکان دادەنرێت لەو شەڕە ناوخۆییەی 9 ساڵە لە سوریادا بەردەوامە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سوریایی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ئەم بۆردومانەی ئەمڕۆ دووشەممەی بە خوێناویترین ڕووداو ناودێرکردووە، لەوەتای کارکردن بە ئاگربەستەکەوە.

بەرەی ڕزگاری نیشتمانی، کە ڕێکخراوێکی چەترییە، ئانکەرە پشتیوانی دەکات و بنکەی لە ئیدلبە، فەیلەقی شام بەشێکیەتی، بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا یەکێک کە پێگەکانی گرتۆتەوە و زیانی گیانیش هەبووە." وە هیچ زانیاری و وردەکارییەکی زیاتری نەداوە.

سەیف ڕەعد، وتەبێژی بەرەی ڕزگاری نیشتمانی، ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر ئەو هێرشە ئاسمانیانەی ڕوسیا و دەڵێت "فڕۆکە جەنگییەکان و هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی ڕوسیا بەردەوام پێشێلی ڕێککەوتنی ڕوسیا و تورکیا دەکەن چونکە بنکە سەربازییەکان و گوند و شارۆچکەکان دەکەنە ئامانج."

لەو یەک ملیۆن کەسەی لە هەرێمی ئیدلب بەهۆی هێرشەکانەوە ئاوارە بوون، زیاتر لە 200 هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەک سەرۆکی ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی دەکات " هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا ناوبە ناو پێگە لەشکرییەکان دەکەنە ئامانج بەوانەشەوە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات."

XS
SM
MD
LG