Accessibility links

ئاگربەستەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا هەرەس دەهێنن


سێهەم هەوڵ بۆ ئاگربەست لە شەڕی چەند هەفتەیی ناگۆرنۆ کاراباخدا، زۆر بەخێرایی شکستی هێنا و ئەمڕۆش دووشەممە ئەرمینیا و ئازەربایجان یەک ئەوی تریانی گوناهبار دەکرد بە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستەی بە ناوبژی ئەمریکا کرا.

هاوکاتی ئەوەی شەڕەکان لەسەر ئەو هەرێمە مشتومڕ لەسەرە پێی نایە مانگی دووهەمیەوە، ناوبژیوانانی نێونەتەوەیی لە هەوڵێکی چڕ و پڕدان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە بەرەکانی پێشەوە و هەروەهاش بۆ ڕاگرتنی تۆپباران و بۆردومانی ناوچە دانیشتوان نشینەکان، کە بوونەتە مایەی کوژرانی سەدان کەس.

دواترین ئاگربەستی مرۆیی، ڕۆژی یەکشەممە واشنتۆن ڕایگەیاند، پاش ئەوەی ئاگربەستەکانی پێشوو کە ڕوسیا و هەروەها فەڕەنسا ناوبژییان تیادا کردبوو، هەرەسیان هێنا.

کەمتر لە یەک کاتژمێر بەر لەوەی ئاگربەستە نوێیەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئازەربایجان و ئەرمینیا یەکەم گوناهبارکردنی یەکتریان ڕاگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان دەڵێت، هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا، تۆپبارانی شاری تەرتەر و گوندەکانی دەوروبەریان کردووە و بە "پێشێلکارییەکی بێ چەندوچوون"ی ئاگربەستەکەش ناودێری کردووە.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا دەڵێت، هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان هەر بە تەواوەتی ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە بەهۆی تۆپبارانکردنی پێگە جیاوازەکانی بەرەکانی شەڕەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەرمینیا و ئازەربایجان ئاگربەستی مرۆییان پەسەند کردووە لە پەیوەندی بە قەیرانی ناگۆرنۆ کاراباخەوە.

XS
SM
MD
LG