Accessibility links

لە عێراق شەپۆلی ناڕەزایی بەردەوامە


دەیان خۆپیشاندەر جارێکی تریش لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکاندا لە بەغدا بە یەکیاندا داوە، پاش یەک ڕۆژ لەو خۆپیشاندانەی لە یەکەم ساڵیادی دەسپێکردنی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی وڵاتەکەدا دژ بە حکومەت کرا.

پۆلیس بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسک ڕژێنیان بەکارهێناوە دژی خۆپیشاندەران کە تایەیان دەسوتاند و بەردیان دەگرتە پردی کۆماری کە هەردوو بەشی بەغدا پێکەوە دەبەستێتەوە.

مەیدانی تەحریر لە بەغدا بۆتە پێگەی خۆپیشاندەرانی کۆن و نوێ.

هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی پار، شەپۆلی ناڕەزایی شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقیشی گرتۆتەوە، کە زۆرینەی دانیشتوانەکانی لە شیعە ئاینزاکانن.

شەوی ڕابردوو، لە شاری کەربەلای پیرۆزی شیعەکاندا، خۆپیشاندەران و پۆلیس بەیەکیاندا داوە و پۆلیس تەقەی بە ئاسماندا کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

لە شاری دیوانیە، خۆپیشاندەران تایەیان سوتاندووە و لە شاری ناسریەش خۆپیشاندەران لە مەیدانی سەرەکی شارەکەدا، سرودی نیشتمانی عێراقیان دەوتەوە لەنێو ئەو ئاهەنگەی بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی عێراقدا.

ڕۆژی یەکشەممە، هەزاران خۆپیشاندەر ڕژابوونە سەر شەقامەکان لە ساڵیادی ئەوەی عێراقییەکان بە "شۆڕشی مانگی دە" ناودێری دەکەن و داوای دەست لە کار کێشانەوەی تەواوی فەرمانڕەوایانی وڵاتەکەیان دەکرد کە بە بێ توانایی و بە گەندەڵیش گوناهباریان کردوون.

نزیکەی 600 خۆپیشاندەر لە مانگی 10ی ڕابردووەوە تا ئێستا لە عێراق کوژراون و هەروەها نزیکەی 30 هەزار کەسیش بریندارن لە ئاکامی ئەو توندوتیژیانەی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی وڵاتەکەدا هاتنە ئاراوە، بەر لەوەی بەرەو هێوربوونەوە بڕوات.

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، خۆپیشاندانەکانی ڕاگرت.

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق کە شەش مانگە حکومەتی پێکهێناوە، داوای لە هێزە ئاسایشییەکان کردووە تا پشوودرێژی خۆیان بەکاربهێنن هاوکاتی خۆپیشاندانەکان.

XS
SM
MD
LG