Accessibility links

لیرەی تورکیا دادەڕمێت


نرخی لیرەی تورکیا دابەزینێکی پێوانەیی بەخۆوە بینیوە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکاییدا.

ئەم دابەزینە پێوانەییەی لیرەی تورکیا کە نزم ترین ئاستی نرخە هەتا ئێستا تۆمارکرابێت، پاش ئەوە دێت کە بانکی نێوەندی بەرزکردنەوەی نرخی سودی ڕەتکردەوە و هەروەهاش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی پشێویەکانی نێوان تورکیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیدا.

نرخی لیرە 8.03 بووە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لەوکاتەشەوە تا چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر لە سەدا یەکی ئەو نرخەی خۆی لەدەستداوە.

لیرەی تورکیا لە بەرامبەر ئیرۆشدا گەیشتۆتە نزمترین ئاستی خۆی و ئاڵوگۆڕەکانیش بە نزیکەی 9.52 کراوە.

لەوەتای سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی تورکیا لە سەدا 26 ی نرخەکەی خۆی لەدەستداوە لە بەرامبەر دۆلاردا.

بەرزبوونەوەی نرخ و گرانی لە مانگی 9دا لە تورکیا بە ڕێژەی 11.7 بووە و بڕیاریشە ئەم ڕۆژی چوارشەممەیە سەرۆکی بانکی نێوەندی تورکیا لە ئەستانبوڵ ڕاپۆرتی خۆی بدات لەسەر گرانی و دابەزینی نرخی دراوی وڵاتەکەی.

دابەزینی نرخی لیرە، هاوکاتیشە لەگەڵ پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ئانکەرە و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆدا، لەوانە یۆنان و هەروەها ئەمریکاش لەسەر ژمارەیەک دۆسێ.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، فەڕەنسای توڕەکرد بەوەی دەڵێت ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا "پێویستی بە پشکنینی تەندروستی ئەقڵ هەیە."

لە بەرامبەریشدا پاریس باڵیۆزی خۆی لە تورکیا بانگکردۆتەوە و ئەو قسەیەی ئەردۆغانیشی وەها ناودێر کردووە کە جێی قەبوڵ کردن نییە.

XS
SM
MD
LG