Accessibility links

ئێران پاسدار دەباتە سنوری ئەرمینیا و ئازەربایجان


پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ژمارەیەک لە یەکە چەکدارەکانی خۆی لە ناوچە هاوسنوریەکانی باکوری وڵاتەکەدا لەگەڵ ئازەربایجان و ئەرمینیادا داناوە.

ئەم جموجۆڵە لەشکرییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی قەیرانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیاوەیە لەسەر هەرێمی باگۆرنۆ کاراباخ، وەک ئاژانسی فەرمی ئێرنا ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردۆتەوە.

لەوەتای شەڕەکانی ناگۆرنۆ کاراباخ لە کۆتاییەکانی مانگی 9ی ڕابردووەوە دەستیان پێکردووە، چەند جارێک تۆپبارانەکان لەناو خاکی ئێراندا کەوتوونەتەوە و هەندێک لە سەرچاوە خۆجێیەکانی هەواڵیش ئاماژەیان بە برینداربوونی چەند کەسێکیش کردووە.

زیاد لە جارێک کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاهیداوە بەو دوو دراوسێیەی باکوری کە چیتر ناتوانێت پشوو درێژ بێت بەرامبەر، وەک دەڵێت "پێشێلکردنی سەروەرییەکانی وڵاتەکەی."

سەرکردەیەکی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ژەنەراڵ موحەمەد باکپان دەڵێت "ئەرکی ئەو هێزانەی گواستراونەتەوە بۆ باکوری ئێران، پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەیە و دەشڵێت "کۆامری ئیسلامی ئێران ڕێز لە یەکپارچەیی وڵاتانی درواسێی دەگرێت، بەڵام گۆڕینی نەخشەی جوگرافیای سیاسی سنورەکان، ئەوە هێڵی سوورە بۆ ئێران."

پاش ئەوەی 10 گوللە تۆپ کەتبوونە ناوچەی خودائافرینەوە لە ئێراندا، ڕۆژی 16 ئەم مانگی 10یە، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاگاهیدابوو بەوەی وڵاتەکەی ناتوانێت چاو بپۆشێت لەو پێشێلکاریانە.

لە سەرەتای ساڵانی نەوتەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ، جودابوونەوەی خۆی لە ئازەربایجان ڕاگەیاند. ئەم جودابوونەوەیەش بووە مایەی هەڵایسانی شەڕێکی خوێناوی کە زیاتر لە 30 هەزار کەسی تیادا کوژران.

لە ڕۆژی 27ی مانگی 9وە، جارێکی تر شەڕەکان دەستیانپێکردۆتەوە و بە توندترین شەڕیش دادەنرێت لەوەتای ساڵی 1994ەوە، هەرچەندە تا ئێستاش دوو ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، یەکێکیان بە ناوبژیوانی ڕوسیا و ئەوی تریشیان بە ناوبژیوانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، بەڵام شەڕەکان هەر بەردەوامن.

نیگەرانی زۆرن سەبارەت بە پەرەسەندنی زیاتری شەڕەکان و بوونی هێزەکانی ناوچەکە بە بەشێک لەو شەڕە، وەک ڕوسیا و تورکیا و هەروەها ئێرانیش.

تورکیا پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆ لە ئازەربایجان دەکات و لە کاتێکدا ڕوسیا زیاتر بەلای ئەرمینیادا دایدەشکێنێت.
ئێران داوای کردووە ئەرمینیا و ئازەربایجان شەڕ ڕابگرن و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ناوبژیکردن، بەڵام دەشڵێت هەرگیز بە دەستدرێژیکردنە سەر سنورەکانی قایل نابێت.

XS
SM
MD
LG