Accessibility links

ئەبو موحسن ئەلمیسری لە ئەفغانستان دەکوژرێت


دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان کوژرانی سەرکردەیەکی گەورەی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە ڕادەگەیەنن هاوکاتی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی هێرشە خۆکوژییەکەی ڕۆژی شەممەی شاری کابوڵ.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی کوژراو گەیشتۆتە 24 کەس لە هێرشە خۆکوژیەکەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی کردبووی لە پایتەختی ئەفغانستاندا.

دەزگای هەواڵگری لە ئەفغانستان دەڵێت، هێزی تایبەت توانیویەتی گەورە سەرکردەیەکی ئەلقاعیدە بکوژێت.

بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی "ئەبو موحسن ئەلمیسری" کەسی دووهەمی ئەلقاعیدە لە نیمچە کیشوەری هیندستاندا، لە هەرێمی غەزنەی ناوەڕاستی ئەفغانستاندا کوژراوە."

زانیاری و وردەکاری زیاتر سەبارەت بە کردە لەشکرییەکە و ڕۆژی کوژرانی ئەو هاوڵاتییە میسرییە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام مەسعود ئاندرابی، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت کوژرانی ئەلمیسری، ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاڵیبان و ئەلقاعیدەیە، وەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " کوژرانی یەکێک لە کەسە سەرەکییەکانی ئەلقاعیدە بە دەستی هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی، پەردە هەڵماڵینە لەسەر پەیوەندییە تۆکمەکانی تاڵیبان لەگەڵ دەستە و تاقمە تێرۆرکارەکانی دژی حکومەت و گەلی ئەفغانستان کاردەکەن."

ئەبو موحسن ئەلمیسری، هاوڵاتییەکی میسرییە و ناوی حوسام عەبدولڕەئوفە، ناوی لە لیستی داواکراوانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فێدراڵی ئەمریکاشدا هەبووە (ئێف بی ئای) و یەکێکە لە تێرۆریستە گەورەکانی لەلایەن دەزگا یاساییەکانەوە داواکراوە.

ئەمریکا لە مانگی 12ی ساڵی 2018دا، فرمانی دەستگیرکردنی ئەلمیسری داوە پاش ئەوەی گوناهبارکرابوو بەوەی پشتیوانی لە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بیانی کردووە و سەرچاوەشی بۆ دابین کردوون تا هاوڵاتیانی ئەمریکایی بکوژن، وەک ئێف بی ئای ئاماژەی پێکردووە.

کوژرانی ئەلمیسری، هاوکاتە لەگەڵ ئەو وتووێژە ئاشتیانەیەی لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەدەچێت لە نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا.

سەرچاوەیەک لە دەزگای هەواڵگری ئەفغانستان، بەو مەرجەی ناوی نەهێندرێت، بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "یاریدەدەرێکی ئەلمیسری لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ تاڵیباندا و هاوکاتی کردە لەشکرییەکەی غەزنە دەستگیرکراوە."

هەرێمی غەزنە، بە ناوچەیەکی پڕ لە گێرمە و کێشە دادەنرێت لە ئەفغانستان و چەکدارەکانی تاڵیبان بوونێکی زۆریان هەیە لەو هەرێمەدا.

تاریق عوریان، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاندووە ژمارەی کوژراوەکانی هێرشە خۆکوژییەکەی ڕۆژی شەممە گەیشتۆتە 24 کەس و دەشڵێت ژمارەی بریندارەکان هەر وەک خۆیەتی.

لەو هێرشەدا 57 کەس بریندارن.

ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە خۆکوژییە ڕاگەیاندووە.

تاڵیبان بە توندی دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، کە دەخوازێت ئەو ناوچانە بکاتە مۆڵگایەک بۆ جیهادییەکانی داعش.

XS
SM
MD
LG