Accessibility links

شەپۆلی ناڕەزایی عێراقییەکان لە مەیدانی تەحریرەوە دەست پێدەکاتەوە


بە هەزاران کەس ڕژاونەتە ناو مەیدانی تەحریر و هەروەهاش چواردەوری ناوچەی سەوز لە بەغدای پایتەخت، وەک نوێکردنەوەی شەپۆلی ناڕەزاییەکانیان بەرامبەر دەسەڵات.

خۆپیشاندەرانی عێراقی لەوبڕوایەدان دەسەڵاتدارانی عێراقی ناتوانن چاکسازی بکەن، هەروەها دەشڵێن حکومەت ناتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانەشدا بکات کە دەستیان هەبووە لە هەوڵەکانی دراون بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان.

خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی بەغدا، هاوکاتە لەگەڵ یەکەم ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییە بێپێشینەکەی عێراقدا و لە کاتێکیشدایە کە توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لەو وڵاتەدا هەڵکشانێکی زۆری بە خۆوە بینیوە.

خۆپیشاندەران لە مەیدانی تەحریرەوە، بە ئاژانسەکانی دەنگ و باسیان وتووە "ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگە و لێرەین تا درێژە بە خۆپیشاندانەکان بدەین."

خۆپیشاندان لە مانگی 10ی ساڵی 2019ەوە لە عێراق دەستیپێکرد و لەوکاتەوە نزیکەی 600 خۆپیشاندەر کوژراون و نزیکەی 30 هەزار کەسیش برینداربوون.

خۆپیشاندەرانی بەغدا و شار و شارۆچکەکانی تری ناوەڕاست و باشوری عێراق هەمان داواکانی ساڵی ڕابردوویان هەیە و داوای باشتر کردنی خزمەتگوزاریە بنچینەییەکان و چارەسەرکردنی بێکاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکەن.

عێراق بە دووهەم وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت دادەنرێت لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا.

مەیدانی تەحریر بۆتە مەڵبەندی سەرەکی خۆپیشاندەران و ژمارەیەکی زۆر دەواری لێهەڵدراوە و زۆربەشیان بە وێنەی ئەوانە داپۆشراون کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

هێزە ئاسایشییەکان ڕێوشوێنی توندیان گرتۆتەبەر و لە درەنگانێکی ڕۆژی شەممەوە هێزیان لەناوجەرگەی بەغدادا بڵاوەپێکردووە و ئەمەش وەهای کردووە هاتوچۆکردن بۆ مەیدانی تەحریر و هەروەهاش لەو پردانەی دەچنەوە سەر ناوچەی سەوز زۆر قورس بێت.

لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکاندا، هێزەکانی دژە ئاژاوەش لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا وەستاون.

XS
SM
MD
LG