Accessibility links

دەزگا ئەمنیەکان هەوڵی دەستکەوتنی زانیاری لەسەر سەرکردە نوێیەکانی داعش دەدەن


داعش گۆڕانکاری نوێی لە زۆربەی سەرکردەکانیدا لەناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا زانیاری لە بارەی سەرکردە نوێیەکانی ئەو ڕێکخراوەوە، دەست هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هەرێم نەکەوتووە، لەکاتێکدا هۆکاری زۆری هێرشەکان بۆ ئەو گۆڕانکاریانە دەگێڕدرێتەوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، داعش لەسنوری کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین چەندین هێرشی یەک لەدوای یەکی ئەنجامداوە، ئەمە جگە لەوەی لەنێو ناحیەی ڕیازی سەربە قەزای حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوکیش، نمایشی سەربازیان کردووە، ئەمەش هێزە عێراقیەکانی توشی ڕاچڵەکین کردووە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک لەگەڵ سەرجەم فەرماندە سەربازیەکاندا کۆبووەتەوە، تاوتوێی جم و جۆڵە چڕەکانی داعشیان کردووە، یەکێک لە بڕیارەکانیشیان زیادکردنی هێز بووە لەهەندێک ناوچە.

نەجات حسێن سەرکردەی شیعی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"موسڵ بە یەک ساڵ لە داعش پاککراوەتەوە، کەچی حەویجە بەهەفتەیەک گیرا، چونکە داعشەکان ڕیشیان تاشی و جلیان گۆڕی و بەناو شارەکاندا بڵاوبوونەوە."

وتیشی"ئێستا دەوروبەری کەرکوک پڕە لە شانەی نوستووی داعش، بۆیە مەترسیەکان جدین."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە و زۆربەی سەرکردەی میحوەرەکانی گۆڕیووە، بەڵام گۆڕانکاریەکانیان تازەیە و هێشتا زانیاری ئەوتۆ لە بارەی سەرکردە نوێ یەکان نەگەیشتووەتە دەزگا ئەمنیەکان.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش پلانی دەست وەشاندنی لەهەندێک قۆڵەوە هەیە، ئەمە زانیاریە و لای دەزگا ئەمنیەکانە."

لەئێستادا سەرکردەی داعشەکانی سنوری قەزای خانەقین، بە 12 چەکدار مەزەندە دەکرێت، کە ناو بەناو ژمارەیان زیاد دەکات، بەرپرسی ئەم هێزە، چەکدارێکە بەناوی محەمەد مەحمود عەباس، کە ئەم سەرکردەیەی داعش کوڕێکی گەنجە و باوکیشی لەگەڵیدایە.

هەروەها هێزەکانی داعش لەسنوری خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، کەسێک بەناوی ساڵەح عەبدوڵا شاکر سەرپەرشتیان دەکات، عوسمان عەبد خورشید ناسراو بە ئەبونوریش فەرماندەی داعشەکانی سنوری غەڕە و پەڵکانەیە، والی کەرکوکی ڕێکخراوەکەش، حسێن عەلی مجوەل ناسراو بە ئەبوخەدیجەیە و وێنەکانیان دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە.

محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش هەرکاتێک هێرش بکات، لەسەرجەم قۆڵەکانەوە هێرش دەکات، بەو پێیەی ئیعازیان بۆ دێت لەیەککاتدا پەلامار بدەن."

وتیشی"بەشێکی تری هێرشەکانی داعش بۆ کۆکردنەوەی پارەیە، تا چەک و تەقەمەنی پێ بکڕن، کە زۆربەی چەکەکانیان لە بازاڕەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکانەوە پێدەگات."

دەزگا ئەمنیەکان لەهەندێک ناوچە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، بەتایبەت لەشەواندا، خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێکی داعش ئامادە کردووە، بەو پێیەی زانیاریە هەواڵگیریەکان، ئاماژە بەنیازی ئەو ڕێکخراوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هەندێک ناوچە دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:42 0:00


XS
SM
MD
LG