Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: توندڕەوان لە کلتوری دیموکراسی و مافی مرۆڤدا


سەربڕینی مامۆستایەکی مێژوو لە فەڕەنسا ترس و تۆقاندنێکی زۆری لەناو کۆمەڵگەکانی ئەو وڵاتەدا هێناوەتە ئاراوە.

سەرلە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، کەسێکی موسڵمان ئەو مامۆستایەی مێژووە سەردەبڕێت، وەک دەگوترێت بەهۆی ئەوەی ڕۆژی 5ی مانگی 10 ژمارەیەک وێنەی نیشانی خوێندکارەکانی داوە کە بە سوکایەتی کردن بە بەها و سیمبۆلەکانی ئاینی ئیسلام ناودێر کراون.

هەرچەندە ژمارەیەک خەڵک دەستگیرکراون لەسەر ئەم تاوانە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن و تاوانبارەکەش کوژراوە، بەڵام ڕەهەندەکانی ئەو کردەی کوشتنە، وەک لە نێوەوندەکانی فەڕەنسادا ئاماژەیان پێدەکرێت، زۆر زیاترن لەوەی کەگەورە کاربەدەستانی فەڕەنسا بە سەرۆکی کۆماری فەڕەنساشەوە بە کارێکی تێرۆریستانەی بە بەرنامە ناودێری دەکەن.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، فەڕەنسا ڕووبەڕووی ژمارەیەک هێرشی توندڕەوانی ئاینی بۆتەوە، بۆ نمونە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوودا، کەسێکی بە ڕەگەز پاکستانی بە قەمە هێرشی کردە سەر 2 کەس لە دەرەوەی ئۆفیسی پێشووی گۆڤاری "چارلی ئێبدۆ" و بە سەختی برینداری کردن. گۆڤاری چارلی ئێبدۆ، ئەو گۆڤارە بوو کە وێنە کاریکاتێرییەکانی پێغەمبەری موسڵمانانی بڵاوکردبووەوە.


میوانی بەرنامە:

ئیسماعیل حەمە ئەمین، نوسەر و لێکۆڵەر

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا هەنگاوی تۆکمەی گرتۆتەبەر بۆ سنوردارکردنی جموجۆڵەکانی توندڕەوان لە فەڕەنسادا، بەڵام هێشتاش لەژێر فشاری لایەنە ڕاستڕەوەکانی وڵاتەکەدایە تا هەنگاوی زۆر توندتر بنێت بەرامبەر ئەوانەی وەک ڕاستڕەوەکان دەڵێن "فەڕەنسایی نین و بوونەتە مەترسی بەسەر ئاسایشی وڵاتەکەوە."

بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ، پاریس وەک هەنگاوی یەکەم لە خۆ ئامادەکردندایە بۆ دەرکردنی زیاتر لە 200 توندڕەوی ئیسلامی لە وڵاتەکەدا.

لە ساڵی 2015وە تا ئێستا، لە ئاکامی ئەو هێرشە بێپێشینانەی لە فەڕەنسادا کراون، زیاتر لە 258 کەس کوژراون، بەپێی ئامارە فەرمییەکان.

گەورە کاربەدەستان لە فەڕەنسا جەخت دەکەنەوە لەوەی هەرگیز ڕێگە نادەن "تاریکستانی باڵ بکێشێت بەسەر وڵاتەکەیاندا."

فەڕەنسا بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە لە ئەوروپادا زۆرترین مشتومڕی سیاسی و ئاینی تیادایە سەبارەت بە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی کاروباری موسڵمانەکان لە وڵاتەکەدا و بەتایبەتیش لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کە بایەخ و گرنگییەکی زۆری پێدراوە، لەبەر ژمارەیەک هۆکار، لەوانە کۆچکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی تری ئافریکاوە بەهۆی شەڕ و ڕەوشی ئابوری و سیاسی وڵاتەکانی خۆیانەوە.

بۆچی بەشێک لە کۆچبەرە ئیسلامییەکان ناتوانن خۆیان لەگەڵ کلتور و فەرهەنگی ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوادا بگونجێنن کە کۆچیان بۆ کردووە؟

ئایا پەلاماردانی ئازادییەکانی خەڵکی تر، ئەوروپا بە گشتی و فەڕەنسا بە تایبەتی دەخاتە بەردەم پێداچوونەوەی یاساکانی کۆچبەریدا؟

لە کاتێکدا کۆچبەرێکی موسڵمان لە وڵاتەکەی خۆیدا بچوکترین گۆڕانکاری پێناکرێت، بەڵام دەخوازێت لەسەر گۆڕینی ئەو وڵاتەی کۆچی بۆ کردووە، ئەمە چ مانایەکی هەیە؟

ئایا گوتاری میانڕەوانی ئیسلامی دەتوانێت بەرەنگاری گوتاری توندڕەوانی ئیسلامی ببێتەوە؟

ئیسماعیل حەمە ئەمین، نوسەر و لێکۆڵەر، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:25 0:00


XS
SM
MD
LG