Accessibility links

لیوا محەمەد ڕێگر: گومان دەکرێت ڕووفاتەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی حەویجە پێشمەرگە بن


لە سنوری ناحیەی ڕیازی ڕۆژئاوای کەرکوک، گۆڕێکی بە کۆمەڵ لەلایەن پۆلیسی فیدرالی عێراقەوە دۆزرایەوە، کە ڕووفاتی سەروی 40 کەسی تێدایە، سەرجەمیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گولە بارانکراون و لەو گۆڕەدا تەرمەکانیان شاردراوەتەوە.

دۆزینەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لەلایەن پۆلیسی فیدرالی عێراقەوە، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگیری بووە، کە دواتر و دوێنێ دووشەمە، هێزێکی پۆلیس چوونەتە ناوچەکە و لە گوندی داودعەلوکە گۆڕەکەیان دۆزیوەتەوە، بڕیارە تیمی پزیشکی دادوەری گۆڕەکە هەڵبداتەوە و پشکنین بۆ ڕووفاتەکان بکات.

لیوا محەمەد ڕێگر فەرماندەی میحوەری ڕۆژاوای کەرکوکی پێشمەرگە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گومان دەکرێت قوربانیەکانی نێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش بن، چونکە داعش جگە لە پێشمەرگە دیلەکان، هیچ کوشتارێکی بە کۆمەڵی لەو ناوچەیە ئەنجام نەداوە."

ناوچەی حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک، لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 ەوە تا کۆتایی ساڵی 2017 شوێنی حوکمڕانی داعش بووە، کە لەو ماوەیەدا و لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ پێشمەرگە، ژمارەیەک پێشمەرگەیان بەدیلگرت و تا ئێستا چارەنوسی ئەو پێشمەرگانە بە نادیاری ماوەتەوە.

لیوا محەمەد ساعدی فەرماندەی پۆلیسی فیدرالی، ڕایگەیاندووە" دڵنیا نیم لەوەی ڕووفاتەکانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکەی ڕیاز، ڕوفاتی پێشمەرگە دیلەکان بێت، چونکە هیچ بەڵگەیەکمان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام لەکاتی پشکنین دا، نهێنیەکان دەردەکەون."

لەکاتێکدا داعش لە قەزای حەویجە دەسەڵاتداربوو، پێشمەرگە دیلەکان هەر لەو ناوچەیە دەست بەسەر بوون، چەندین جاریش داعش گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکردنەوە، بەڵام دوای کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە لەلایەن عێراقەوە، هیچ سەرەداوێک لە بارەی چارەنوسیانەوە دەرنەکەوت.

لیوا محەمەد ڕێگر، پێیوایە پێشمەرگە دیلەکان کاتی خۆی نەبراون بۆ موسڵ و هەر لە حەویجە "شەهید" کراون، چونکە ئەوکات دۆخی موسڵ بۆ داعش خراپ بووە، لەکاتێکدا لە حەویجە فشارێکی ئەوتۆیان لەسەر نەبووە و ناوچەکە گونجاو بووە بۆ هێشتنەوەی دیلەکان تێیدا.

ئاشکرانەبوونی چارەنوسی پێشمەرگە دیلکراوەکانی لای داعش، لەکاتێکدایە تا ئێستا کەس و کارەکانیان پرسەیان بۆ دانەناون و چاوەڕوانی ئاشکرابوونی چارەنوسیانن، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە لە بەدواداچوونەکانیاندا، نەگەیشتوونەتە زانیاری یەکلایی کەرەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:32 0:00


XS
SM
MD
LG