Accessibility links

پارێزگاری پێشوی نەینەوا بە تاوانی گەندەڵی دەستگیر دەکرێت


دیمەنێکی ڕۆژانی پاش شەڕی ئازادکردنەوەی موسڵ

کۆمیسیۆنی دژە گەندەڵی لە عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە پارێزگارێکی پێشووی دەستگیر کردووە کە بە ملیۆنان دۆلاری دزیوە لە پارەی ئاوەدانکردنەوە و هەروەهاش لەو پارەیەی بۆ کۆمەک کردنی ئاوارەکان تەرخان کرابوو.

نەوفەل عاگوب، پارێزگاری پێشووی نەینەوا لە مانگی 3ی ساڵی 2019دا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە پاش ڕووداوی قەیاغەکە، کە 150 کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا، خۆی لە دەستگیرکردن پاراستبوو لە ڕێی خۆشاردنەوەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

لە کاتێکدا ئەم پارێزگارەی پێشووی موسڵ دەیویست بارمتەی دارایی بدات بۆ دۆسێیەکی تری کە لەسەری بووە، لە شاری موسڵ دەستگیردەکرێت. پێشتریش نەوفەل عاگوب، سزای ئەمریکای لەسەر بووە هەر بە تاوانی گەندەڵی.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، کۆمیسیۆنی دژە گەندەڵی دەڵێت "دەستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی نەینەوا، پاش دەرچوونی فرمانی دادگا بووە."

نەوفەل عاگوب و کاربەدەستانی لێوەی نزیک بوون بە دزینی پارەی گشتی گوناهبار کراون و سەرجەم ئەو پارەیەش 64 ملیۆن دۆلارە، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

پارێزگای نەینەوا بەهۆی دوو ساڵ دەستبەسەردا گرتنی لەلایەن ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی و هەروەها ئەو شەڕە قورسانەی کران بۆ ئازادکردنی لە دەستی تێرۆریستان، ڕووبەڕووی وێرانبوون هاتەوە.

عاگوب گوناهبارکراوە بەوەی دزی لەو بودجەی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکەدا کردووە. ئەو پڕۆژەیەی ئاوەدانکردنەوەیەش دوو نەخۆشخانەی تیادا بووە بۆ شاری موسڵ و هەروەهاش یارمەتیدانی ئەوانەی ماڵەکانیان وێرانکرابوون لەکاتی شەڕەکان و داگیرکردنەکەشدا.

لەوەتای ساڵی 2004ەوە پاش هێرشەکانی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، نزیکەی 450 ملیار دۆلار لە پارەی گشتی چۆتە گیرفانی سیاسی و کاردارە گومانبارەکانەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی پەرلەمانی عێراق.

لە ساڵی 2018دا لە کۆنفرانسی کوێتدا، عێراق پەیمانی وەرگرتنی 30 ملیار دۆلاری لە وڵاتانی پارە بەخشەوە وەرگرت بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ، بەڵام دەکرێت بگوترێت کە هیچ لەو پارەیەی بەدەست نەگەیشت.

XS
SM
MD
LG