Accessibility links

دادگاییکردنی عومەر ئەلبەشیر


وڵاتی سودان دەڵێت لە وتووێژەکان لەگەڵ دادگای نێونەتەوەیی بۆ تاوانەکان ژمارەیەک بژارە تاووتوێ کراون، وەک دەسەڵاتدان بۆ پێکهێنانی دادگایەکی هاوبەش بۆ دادگاییکردنی عومەر ئەلبەشیر، سەرۆکی لەکارخراوی سودان بەهۆی قەیرانی دارفورەوە.

ئەم بژارانە لە ڕۆژی شەممەوە دەستکراوە بە تاووتوێکردنیان، لەو کاتەوەی فاتۆو بینسۆدا، دادپارێزی گشتی لە دادگای نێونەتەوەیی تاوانەکان، سەردانەکەی بۆ خەرتوم دەستپێکردووە.

سەردانی ئەم کاربەدەستەی دادگای نێونەتەوەیی تاوانەکان، بە مەبەستی ئامادەکارییە بۆ دادگایی کردنی ئەوانەی گوناهبار کراون لە قەیرانی دارفوردا کە سەدان هەزار کەسی تیادا کوژرا.

عومەر ئەلبەشیر، کە تەمەنی 76 ساڵە، بۆ نزیکەی 10 ساڵە لەلایەن دادگای نێونەتەوەیی تاوانەکانەوە داواکراوە بە تاوانی ئەنجامدانی ژینۆساید و تاوانەکانی شەڕ و هەروەهاش تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتییەوە، لە ناوچە وێرانکراوەکەی ڕۆژئاوای سوداندا.

نەسرەدین عەبدولباری، وەزیری داد لە حکومەتی سودان بە پەیامنێرانی وتووە "ژمارەیەک بژارە و پێشنیازمان تاووتوێ کردوون سەبارەت بەم دۆسێیە و چاومان لەوەیە بگەینە ڕوانینێکی هاوبەش."

عەبدولباری ئاماژەش بەوە دەکات لەو بژارانەی باسکراون، دانی عومەر ئەلبەشیرە بە دادگای ناوبراو، پێکهێنانی دادگایەکی تایبەتی هاوبەش، بژارەیەکی ترە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی تری وڵاتەکەدا و لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکاندا.

بڕیارە شاندی دادگای نێونەتەوەیی تاوانەکان تا ڕۆژی چوارشەممە لە سودان بمێننەوە و درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن لەگەڵ کاربەدەستانی سودانیدا.

بەشیر کە 30 ساڵ سەرۆکی سودان بوو، لە مانگی 4ی ساڵی 2019دا لەلایەن لەشکرەوە لەکار لادرا، پاش چەند ناگێکی خۆپیشاندان دژی فەرمانڕەوایەتییەکەی.

XS
SM
MD
LG