Accessibility links

سەرەک وەزیری ژاپۆن: لە پاش ڕێککەوتنەکانی نێوان ژاپۆن و ڤیەتنام هەنگاوی زیاتریش دەنرێن


ژاپۆن و ڤیەتنام ڕێککەوتون لەسەر چڕکردنەوەی هاوکارییەکانی بەرگری و هەروەهاش ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی تۆکیۆ هەناردەی کەرستە و کەلوپەل و تەکنەلۆژیا بکات بۆ ئەو وڵاتەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

ئەم ڕێککەوتنانە هاوکاتە لەگەڵ هەروادێ و زیاتربوونی نیگەرانییەکان لەسەر پێداگرتنی وڵاتی چین لە دەریای باشوری چیندا و هاوکاتیشە لەگەڵ هەوڵەکانی بێژینگ بۆ فراوانکردنی بوونی لەشکری لە ناوچەکەدا.

بەپێی ئەم ڕێککەوتنانە، ژاپۆن دەتوانێت فڕۆکەی چاودێری و ڕادار هەناردەی ڤیەتنام بکات، وەک ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی کیۆدۆ باسی کردووە.

سەرەک وەزیری ژاپۆن دەڵێت "ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە لە بواری هاوکاری بەرگریدا لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەوەی گەیشتوینەتە ڕێککەوتن بۆ گواستنەوەی کەرەستەکانی بەرگری و هەروەها تەکنەلۆژیاش."
ئەم لێدوانەی یوشیهدی سوگا هاوکاتی یەکەم سەردانییەتی بۆ دەرەوەی ژاپۆن لەوەتای مانگێک لەمەوبەرەوە کە پۆستی سەرەک وەزیری وڵاتەکەی وەرگرتووە.

سەرەک وەزیری ژاپۆن دەشڵێت لەو بڕوایەدایە لە پاش ئەم ڕێککەوتنانە هەنگاوی زیاتریش دەنرێن.

دەریای باشوری چین، دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکان و وڵاتی چین خۆی بە خاوەنی دەزانێت، بەڵام ڤیەتنام و فلیپین و مالیزیا و برونای و تایوانیش جەخت دەکەنەوە کە مافیان لەو دەریایەدا هەیە وەک سنوری ئاوی.

ژاپۆن و ڤیەتنام ڕێککەوتنیشیان لەسەر دەستپێکردنەوەی سەردانی کارگوزاری مۆرکردوە، پاش ئەوەی ئەم سەردانانە لە مانگی سێدا لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕاگیرابوون.

بەپێی ئەم ڕێککەوتنەشیان بەڕێوبەرانی جێبەجێکار و کارگوزاران دەتوانن هاتووچۆ بکەن بەبێ ئەوەی 14 ڕۆژ کەرەنتینە بکرێن، بەو مەرجەی هەندێک لە ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە کۆڤید 19 بگیرێنەبەر، وەک ئاژانسی کیۆدۆ ئاماژەی پێکردووە.

XS
SM
MD
LG