Accessibility links

فڕۆکەیەکی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەگاتە ئیسرائیل


بۆ یەکەمین جارە فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبەوە بڕوات بۆ ئیسرائیل.

ئەو فڕۆکەیە ئەمڕۆ دووشەممە لە فڕۆکەخانەیەکی نزیک تەلئەڤیڤەوە نیشتۆتەوە، پاش یەک مانگ لە مۆرکردنی پەیماننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.

هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد، کە ژمارەی گەشتەکەکەی ئی وای 9607 بوو، لە ئەبوزەبییەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی بن گۆریون و تەنها تاقمی فڕۆکەوانەکەی تیادا بوو بەپێی لێدوانی وتەبێژی فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل و دەشڵێت "فڕۆکەکە ژمارەیەک پسپۆڕانی بواری گەشتیاری دەبات بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ئەو سەردانەش دوو ڕۆژ دەخایەنێت و کۆمپانیای مەیمانی ئیسرائیلی گەشتەکەی ڕێکخستووە."

هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد دەڵێت، ئەمڕۆ مێژوویەکی بۆ خۆی تۆمار کردووە.

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە " ئیتیحاد، بووە یەکەمین هێڵی ئاسمانی لە وڵاتانی کەنداودا کە گەشتی خۆی بۆ ئیسرائیل بکات و ئەمەش تەنها سەرەتایە."

فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد پێشتر لە مانگی 5 و 6دا لە هەمان فڕۆکەخانەی ئیسرائیلدا نیشتونەتەوە، بەڵام کەرەستە و کەلوپەلی تەندروستییان بردووە بۆ فەلەستینییەکان وەک یارمەتیدانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

فەلەستینییەکان کە دژی ڕێککەوتنی ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبن، ئەو یارمەتی و کۆمەکە تەندروستییەیان وەرنەگرت.

لە مانگی 8ی ڕابردوودا ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بە نێوەندگیری ئەمریکا گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، ئەم ڕێککەوتنەشیان پاش چەندان ساڵی هاوکاری نهێنی بووە لە بوارەکانی ئابوری و ئاسایشیدا.

لە هەفتەی ڕابردووشدا کنیشتی ئیسرائیل (پەرلەمان) ئەم ڕێککەوتنەی پەسەند کرد.

XS
SM
MD
LG