Accessibility links

خۆپیشاندەرانی تایلاند داوا دەکەن نابێت پادشای وڵات لە سەرو ڕەخنەوە بێت


سەرەک وەزیری مشتومڕ لەسەری تایلاند، داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات هاوکاتی پلانەکانی خەڵک بۆ خۆپیشاندانی زیاتر بۆ داواکردنی دەست لە کار کێشانەوەی حکومەت و ئازادکردنی چالاکوانە گیراوەکان و ڕیفۆرم کردن لە سیستەمی پادشایەتی وڵاتەکە.

دەیان هەزار کەس کە زۆربەیان خۆپیشاندەری گەنجن، لە هەفتەی ڕابردوودا ڕژابوونە سەر شەقامەکان لە تایلاند وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بۆ ئەو بڕیاری باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا، کە گردبوونەوەی چوار کەس زیاتری قەدەغە کردووە.

پۆلیس دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە نزیکەی 20 هەزار کەس لە پایتەخت خۆپیشاندانیان کردووە، بەڵام چالاکوانان و میدیا خۆجێیەکان دەڵێن ژمارەی خۆپیشاندەران زۆر زیاتر بووە.

هاوکاتی خۆ ئامادەکردنەکان بۆ خۆپیشاندانی ئەمڕۆ دووشەممە، پرایوت چن ئو چا، سەرەک وەزیری تایلاند وتوویەتی پەرلەمان لە ئێستادا لە پشوودایە، بەڵام ئەندامانی پەرلەمان بانگ دەکرێنەوە تا چۆنیەتی کەمکردنەوەی پشێوییەکان باس بکرێت.

سەرەک وەزیری تایلاند، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێران، ئاگاهیداوە بە خۆپیشاندەران کە یاسا نەشکێنن و دەڵێت "پشتیوانی لە دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان دەکەم بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە."

هەر لەو لێدوانەشیدا داوای لە خۆپیشاندەران کردووە تا ناڕەزاییەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەرببڕن و دەشڵێت حکومەت تا ئەندازەیەک لەبەردانەواندنی کردووە.

خۆپیشاندەران داوا دەکەن یاسای ناوبانگ زڕاندن هەڵبوەشێتەوە کە بە یاسایەکی توند ناودێری دەکەن و دەڵێن بۆ مەبەستی ڕێگەگرتنە لە ڕەخنە و قسەکردن لەسەر پادشای وڵاتەکە، هەروەهاش داوای ڕوونی و ئاشکراییەکی زیاتری دارایی بنەماڵەی پادشا دەکەن و بێ لەمانەش دەخوازن پادشا لە دەرەوەی بواری سیاسی وڵاتەکەدا بێت.

XS
SM
MD
LG