Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: عومەر فەرهادی


لە ژیاندا، وێستگەکانی ژیان بە هەوراز و نشێوییەکانی تەمەن و بەرەنگاربوونەوەی نادادی و هەڵکشان و داکشانەکان و شێوازی ڕەفتارکردن و پێگە لە کۆمەڵگەدا وەها دەکەن شانازی لای مرۆڤ دروست بکەن.

ژیانی هەر مرۆڤێک پڕە لە وێستگەکان، بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە کامانەن ئەو وێستگانەی دەبنە بناغە تۆکمەکەی ئەو بونیادەی پێی دەگوترێت ڕێزلێنان.

پیاوێک هەیە، هێندەی ئەوەی لە هەولێر زێدی خۆی ناسراوە، دەتوانم بڵێم لە شار و شارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستاندا ئەگەر زیاتر نەناسرابێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە کەمتر نییە، لەسەر ئاستی عێراقیش بە هەمان شێوە.

ئەم جوامێرە، چووبێتە هەر شوێنێک بۆن و بەرامەی خۆی لێ جێهێشتووە، دواتریش بە جوانبینییەکانی خۆیەوە، قەڵەمی بە بڕشتی خۆی بەکارهێناوە و باسێکی ڕاستگۆیانەی ئەو شوێنانەی بۆ کردووین.

نە هەر ئەوەندە، لە ماوەی ئەم زیاتر لە 80 ساڵەی تەمەنیدا، وەک نوسەر و ڕۆژنامەوانێکیش، ڕاستگۆیانەتر بەشێکی بەرچاوی دیمەنە سیاسی و دیمەنەکانی تری وڵاتەکەی بۆ نوسیوینەتەوە.

تەمەنی ئەم پیاوە بۆنخۆشە، پڕە لە بیرەوەری و یادگارییەکان، بەڵێ لەم زیاتر لە 80 ساڵەی تەمەنیدا، زۆر جار مۆتەکەی خەمەکان بەرۆکیان گرتووە، ماندوویان کردووە، شەڵاڵی تاسانیان کردووە، وەلێ هەرگیز نەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم ئەم پیاوەدا کە ئیتر پێنەکەنێت و بە خەندە جوانەکەیەوە بەرەو ڕووی خەڵک نەڕوات و یان بەردەوام نەبێت لە جوانترکردنی ژیانی ئەوانی تردا.

ئەم پیاوە، وەک چۆن هەگبەیەکی تۆکمەی ڕاستی و دروستی ڕووداوەکانی سەروەختی تەمەنییەتی، ئاوەهاش بۆتە هەگبەیەکی تا بڵێی شارەزا لە هەولێردا و وەڵامی زۆربەی هەرە زۆری ئەو پرسیارانەی لەلا هەن کە لەسەر ڕووداوەکان و کۆڵان و شەقام و گەڕەک و کەسایەتییەکانی هەولێر و مێژووی هەولێر دەکرێن، خۆ ئەگەر وەڵامی پرسیارێکیشی لەلا نەبوو، ئەوا دەکەوێتە کنە کردن و وازی لێناهێنێت تا وەڵامی پێویستی بۆ بە دەست دەهێنێت.

ئەم پیاوە خوێندەوارە، بڕوایەکی زۆری بە خۆ نۆژەن کردنەوە هەیە، دەخوێنێتەوە لە پێناو فێربوونی زیاتردا نەک بۆ کات بەسەر بردن، دەنوسێت تا ڕاستییەکان بزر نەبن، نەک بۆ ئەوەی پێی بڵێن نوسەر، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی ئامادە دەکات، تا زانیاری بگەیەنێت، نەک ئەوەی ڕۆژنامەوانی بکاتە زەمینەیەک بۆ مەبەستی تایبەت.

ئەم پیاوە سپییە، هەرگیز ڕێگەی نەداوە تەمەن زەفەری پێبەرێت، هەرگیز ڕێی نەداوە تەمەن دەستەوستانی بکات، هەرگیز ڕێی نەداوە تەمەن ببێتە تەگەرەی بەردەمی، ئەو هەمیشە خوێنی گەرمە بۆ کارکردن؛ کارکردن بۆ ژیان نەک ژیان بۆ کارکردن.

عومەر فەرهادی، یەکێکە لەو ڕۆژنامەوانانەی بەردەوام لە ژیانی ڕۆژنامەوانی خۆیدا هەوڵی ڕاستگۆیانەی خۆی داوە لەم بوارەدا و سەرکەوتووش بووە، بەڵگەش ئەزموونی 15 ساڵ کارکردنیەتی لەگەڵ دەنگی ئەمریکادا، کە لەو ماوەیەدا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرهادی ڕەتنەکراوەتەوە.

پاراستنی هاوسەنگی لە گواستنەوەدا، کارکردن بەپێی ڕێنوماییە ڕۆژنامەوانییەکان و بایەخدان بە ڕای جیاواز و بەرچاو ڕونکردنی وەرگر بە شێوەیەکی بێلایەنانە و زانینی زمانی ئاخاوتن لە ڕووی وروژاندنی پرسیارەوە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری نەک بەگژداچوونەوە و توڕەکردنی بەرامبەر، و چەندان شتی تریش دەبنە کۆڵەکەی کاری پیشەیی(پرۆفێشناڵی) ڕۆژنامەوانێکی وەک عومەر فەرهادی.

دەشێت ئەمانە بە نوسین یانیش بە قسەکردن شتی ئاسان بن بەڵام لە ڕاستیدا لە کاتی کارکردنی ڕۆژنامەوانیدا جێبەجێکردنیان قورسە و پێویستی بە ڕۆژنامەوانی کارامە و ورد و پڕ لە زانیاری، وەک عومەر فەرهادی هەیە.

هەبوونی زانیاری مێژوویی و گشتیش لەسەر ڕووداوەکان، بێلایەنانە باسکردن لە ڕووداوەکان و بەرزی ئاستی بەکارهێنانی زمان، دەبنە پێودانگ بۆ سەرکەوتوویی ڕۆژنامەوان و بە گەواهی زۆرێکیش لە ڕۆژنامەوانان و نوسەرانیش ئەم تایبەتمەندێتیانە لای عومەر فەرهادی بوونیان هەیە و بەردەوامیش وەک پرەنسیپی جێگیر هێشتونیەتەوە.

بۆ بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، هاوکارم دەخیلی شەمۆ، بە سوپاسەوە وتووێژی لە گەڵ پیر یان شێخی پەیامنێراندا بۆ ئامادەکردووین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:06 0:00
XS
SM
MD
LG