Accessibility links

شاندێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەگاتە مەنامە


شاندێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەردانێکی یەک ڕۆژیی گەیشتۆتە بەحرەین و هاوکاتی ئەم سەردانە ژمارەیەک ڕێککەوتن مۆر دەکرێت پاش ڕاگەیاندنەکەی مانگی ڕابردوو بپ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان.

شاندەکە بە ڕێبەرایەتی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا و هەروەهاش ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە گەیشتونەتە مەنامە پایتەختی بەحرەین.

فڕۆکەی شاندەکە لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە ئیسرائیەوە بە ئاسمانی شانشینی عەرەبستانی سعودیەدا ڕۆیشتووە بۆ مەنامە و لەوێش لە فڕۆکەخانەی ئەلموحەڕەقی لەشکری نیشتۆتەوە.
شاندی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، وەها بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی بەحرەیندا بکات.

موئیر بن شابات، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لە فڕۆکەخانە بە پەیامنێرانی وتووە "ئەو پلانانەی هەن دەگۆڕدرێن بۆ ڕێککەوتنی گرنگ لە بوارەکانی دارایی و وەبەرهێنان و بازرگانی و گەشتیاری و کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا و هەروەهاش لە بواری پەیوەندییە تەلەفونییەکاندا."

کاربەدەستێکی تری ئیسرائیلی لەسەر سەردانی ئەم شاندە ئاماژەی بەوە کردوە کە سەردانەکە بۆ جێگیرکردنی فەرمیانەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە و وەهاش چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش مۆر بکەن لەسەر پەیوەندییەکی تەواوەتی دیپلۆماسی.

بڕیاری هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا، بۆتە مایەی توڕەییو ناڕەزایی فەلەستینییەکان.

فەلەستینییەکان هەنگاوەکانی بەحرەین و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، بە خیانەتکردن و کەلێن خستنە نێو هەوڵوێستی عەرەبەوە ناودێر دەکەن و دەشڵێن دەبێت دانپێدانان بە ئیسرائیلدا پاش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینیەکان بێت.

وەک بەشێک لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان، بڕیارە باڵیۆزخانەکانی ئەو دوو وڵاتە عەرەبییە لە ئیسرائیل بکرێنەوە و هەروەها ئیسرائیلیش باڵیۆزخانەی خۆی لە بەحرەین و لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبیش دەکاتەوە.

بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی ئیسرائیل لە چەند مانگی داهاتوودا باڵیۆزخانەکانی خۆی لەو دوو ڵاتەدا دەکاتەوە، بەڵام وەک دەگوترێت میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین، دواتر بڵیۆزخانەکانی خۆیان لە تەلئەڤیڤ دەکەنەوە کە زۆربەی باڵیۆزخانەی وڵاتان لەوێن بەهۆی ڕەوشی کێشە لەسەری شاری ئۆرشەلیمەوە.

لەوەتای ئیسرائیل و بەحرەین خواستی خۆیان بۆ هەبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی تەواوەتی ڕاگەیاندووە، کاربەدەستانی هەردوو وڵات چەند جارێک کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام وەها دەڕوانرێتە ئەم سەردانەی ئەمڕۆ یەکشەممە کە هەنگاوێکی ترە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.

ئەم ڕێککەوتنە نوێیانە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی هێورکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاشکرا کرد کە بەهۆی نیگەرانی هاوبەشیانەوە لەسەر ئێران دروستبوو. شارەزا ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەیەک وڵاتی تریش لەوانە، سودان و شانشینی مەغریب هەنگاوی هاوشێوە بنێن.

سەردانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی شاندی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ بەحرەین، هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتن بە گەمارۆی چەک لەسەر ئێران.

بەحرەین وەک زۆرێک لە وڵاتانی کەنداو، ئێران بە مەترسیدارترین ‌هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆی دادەنێت.

XS
SM
MD
LG