Accessibility links

لەگەڵ دووهەم ئاگربەستیشدا ئازەربایجان و ئەرمینیا یەکتر گوناهبار دەکەن


وێڕای دووهەم هەوڵ بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان، بەڵام ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوامن لە یەکتر گوناهبارکردن بە پێشێلکردنی دووهەم ئاگربەست لە هەرێمی جوداوەبووی ناگۆرنۆ کاراباخدا.

ڕۆژی شەممە، جارێکی تریش ئاگربەست ڕاگەیەندرا و لە نیوە شەوی هەمان ڕۆژەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش دووهەم ئاگربەستە ڕابگەیەندرێت لەوەتای ڕۆژی 27ی مانگی 9 و دەستپێکردنی شەڕە قورسەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە.

تا ئێستا سەدان کەس لەم شەڕەدا کوژراون و بە خوێناویترین شەڕیش دادەنرێت لە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵی ڕابردوودا کە ئەم قەیرانەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەستیپێکردووە.

کاربەدەستانی لەشکری ئەرمینیا ئەمڕۆ یەکشەممە باسیان لەوە کردووە، هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان، لە شەودا درێژەیداوە بەبۆردومان و موشەکباران کردن.

شوشان ستیبانیان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا دەڵێت "دوژمن لە بەرەبەیاندا لە باشوری ناوچەی قەیرانەکەوە هێرشی کردووە و کوژراو و برینداریش لە هەردوولا هەن."

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان دەڵێت هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا لە شەودا بۆردومانی ناوچەی قەیرانەکەی کردووە وێڕای ئەو ئاگربەستەی ڕاگەیەندراوە و لە بەرەبەیانیشدا لە چەند لایەکەوە ئەرمینیا هێرشی کردووە.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، لەشکری ئەرمینیای گوناهبارکردووە بەوەی چەکی قورسی بەکارهێناوە لە هێرشەکانیدا بۆ سەر پێگەکانی لەشکری ئازەربایجان لە دوو بەرەی باکوری هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخەوە.

کاربەدەستانی لەشکری ئەرمینیا نکوڵی لەو هەواڵانەی ئازەربایجان دەکەن.

هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ، دەکەوێتە ناو ئازەربایجانەوە بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیاییە نەژادەکان کۆنترۆڵیان کردووە، کە وڵاتی ئەرمینیا لە کۆتایی هاتنی شەڕەکانی ساڵی 1994ەوە پشتیوانییان لێدەکات.

کاربەدەستانی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ دەڵێن لەم شەڕانەدا تا ئێستا 673 سەربازی هەرێمەکە کوژراون. تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ئازەربایجان زیانە لەشکرییەکانی خۆی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێت 60 کەسی سیڤیل کوژراون و 270 کەسیش بریندارن.

بەرزبوونەوەی ئاستی شەڕەکان و درێژەکێشانی ئەم قەیرانە، تارمایی قەیرانێکی گەورەتری لەو ناوچەیەی جیهاندا دروستکردووە، بەوەی کە دەشێت ڕوسیا و تورکیا ڕابکێشرێنە نێو شەڕەکانەوە و هەروەهاش مەترسی لەسەر هەناردەکانی سوتەمەنی دروستکردووە لە دەریای قەزویندا.

ئانکەرە بە ئاشکرایی پشتیوانی لە ئازەربایجانی دەوڵەمەند بە نەوت دەکات و پەیمانی یارمەتیدانی ئەو وڵاتەشی داوە بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ.

ئاگربەستی دووهەم، کە پاش یەک هەفتە لە ئاگربەستی یەکەم ڕاگەیەندرا، دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکانی نێوان سێرگیێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بوو لەگەڵ هاوشانەکانیدا لە ئەرمینیا و ئازەربایجان.

لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، لاڤرۆڤ داوای لە هەردوو وڵات کردووە کە وابەستەی ڕێککەوتنەکەی هەفتەی ڕابردووی مۆسکۆ بن.

ئەم یەکتر گوناهبارکردنانەی ئازەربایجان و ئەرمینیا هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا سەبارەت بە وابەستەیی وڵاتەکانیان بە ئاگربەستەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجاندا نوسراوە "مافی خۆمان دەپارێزین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیلی وڵاتەکەمان."

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیاش دەڵێت " یەریڤان هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ سەپاندنی ئاشتی بەسەر ئازەربایجاندا و هەروەهاش دانانی سیستەمێک بۆ ئاگربەست، پێویستی بە میکانیزمی ورد و کاریگەر هەیە بۆ پاراستنی."

XS
SM
MD
LG