Accessibility links

کورد چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی قورس لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات


لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، هێزە کوردیەکان بە دوودڵییەوە لە هێز و پێگەیان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەڕوانن، ترسیان لەوە هەیە نەتوانن ئەو کورسیانەی پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێننەوە، کە لەهەڵبژاردنی پێشوودا بەدەستیانهێنابوو.

هێزە کوردیەکان و بەدیاریکراوی پارتی و یەکێتی، خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی کەرکوک، موسڵ، دیالە و سەڵاحەدین ئامادە دەکەن، بەو پێیەی هەڵبژاردنی ئەمجارە بەشێوازی فرە بازنەیی ئەنجام دەدرێت و ئەزموونیان لەگەڵ شێوازەی هەڵبژاردندا زۆر نییە.

لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دا، کورد لەکۆی 12 کورسی، 6 کورسی بردەوە، بەڵام لەهەڵبژاردنی داهاتوودا، کەرکوک دەکرێتە سێ بازنەی هەڵبژاردنەوە و ئەمەش بۆ کورد مایەی نیگەرانییە، بەو پێیەی قەزاکانی دبس، حەویجە و داقوق، دەنگدەری تورکمان و عەرەبیان زۆر تێدایە.

ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، پێیوایە دۆخەکە لە کەرکوک بۆ کورد چۆنە، بۆ عەرەب و تورکمانیش بەهەمانشێوەیە، وتی"گەر کورد خۆی ئامادە بکات، نێوماڵی خۆی ڕێکبخات، من ئومێدم هەیە کورسی باش بهێنین، چونکە مەسەلەکە لە کەرکوک کوردایەتی و نوێنەرایەتی کوردە."

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دا، 6 کورسی پەرلەمانی لە پارێزگای موسڵ بردەوە، بەڵام ئەمجارە دژی شێوازی فرە بازنەییە و وایدەبینێت دەنگەکانی پەرتەوازە دەکات.

سەعید مەم و زینی وتەبێژی لقی موسڵی پارتی، پێیوایە فرە بازنەیی پیلانگێری بوو لە دژی کورد، بەو پێیەی دەنگی قەزاو ناحیەکانیان لە یەکتری دابڕیووە، وتی"هەرچەندە پیلانگێڕیمان لەدژ کراوە، بەڵام ئیشی خۆمان کردووە، پێشبینی دەکەم، 4 بۆ 6 کورسی ببەینەوە."

سەبارەت بە پارێزگای سەڵاحەدینیش، کەژمارەی کورسیەکانی 12 کورسی یە، لە هیچکام لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا، کورد نەیتوانیووە کورسی پەرلەمانی عێراق بباتەوە، بەو پێیەی قەزای خورماتوو تەنها قەزای پارێزگای سەڵاحەدینە، کە ژمارەیەکی زۆر خێزانی کوردی تێدایە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی تا ئێستا نەبووەتە مایەی بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی.

مەلا حەسەن محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەکوتلەی کوردی، ڕوونیکردەوە گەر کورد یەکدەنگ بێت و کەسایەتیەکی سەربەخۆی باش کاندید بکات، هەموو لایەنەکان دەنگ بەو کاندیدە بدەن، ڕەنگە بتوانن کورسیەکی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین بەرنەوە.

لە پارێزگای دیالەش، چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوو، کورد کورسیەکی پەرلەمانی لەو پارێزگایە بەدەست بهێنێتەوە، بەو پێیەی دەنگدەری لە قەزای خانەقین، هەروەها ناحیەکانی جەلەولا، مەندەلی، جەبارە و سەعدیە هەیە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە،

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:01 0:00


XS
SM
MD
LG