Accessibility links

بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی لەبەغدا: سوتاندنی بارەگاکانمان ڕووداوێکی ئاسایی نییە، کاریگەری گەورەی لەسەر پرۆسەی سیاسی دەبێت


بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی لە شاری بەغدا، ئاماژەبەوەدەکات سوتاندنی بارەگای حیزبەکەی لەبەغدا، ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو کاریگەری گەورەی لەسەر پرۆسەی سیاسی لەعێراق دەبێت.

وەکو کاردانەوەیەک بۆ لێدوانێکی هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لەسەر حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ شەمە لەلایەن ژمارەیەک لایەنگری حەشدی شەعبیەوە، بارەگای لقی 5 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا بەتەواوەتی سوتێنرا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئیسماعیل مەندەلاوی بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی لەبەغدا، دەڵێت"لێدوانەکەی هۆشیار زێباری لەسەر دەرکردنی هەندێک فەسائیلی چەکدار لە ناوچەی سەوز، کاردانەوەی هەندێک هێزی شیعی لێکەوتووەتەوە، بۆیە لە ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردووەوە، هەڕەشە لە لقەکەمان دەکرێت."

ڕوونیشیکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتێک ڕۆیشتوون بۆ دەوام بۆ نێو لق، لە کاتژمێر 10 ی بەیانی، ژمارەیەک خۆپیشاندەری شیعی هاتنە سەر لق و بارەگای لقیان بەتەواوەتی سوتاند، سوکایەتیشیان بە ئاڵای کوردستان کرد.

بەرپرسەکەی پارتی لەبەغدا، ئاماژەی بەوەشکرد هۆشیار زێباری و مەکتەبی سیاسی پارتیش بەیانیان دەرکرد، ڕوونیانکردەوە کە قسەکانی هۆشیار زێباری هێرش نیە بۆ سەر حەشد، چونکە حەشدیش وەکو پێشمەرگە خوێنێ داوە، وتی" بەڵام گروپێک گوێیان بە هیچ نەدا، کە گروپی ربح اللە بوون، بارەگایان سوتاند."

سەبارەت بە هەڵوێستی هێزە ئەمنیەکانی عێراق لەکاتی سوتاندنی بارەگای حیزبەکەیدا، ئیسماعیل مەندەلاوی، روونیکردەوە کاتێک بارەگاکەیان سوتێنراوە، ئەوان وەکو کادیرانی لق لە بارەگاکەیان دوور خراونەتەوە، وتی"خۆپیشاندەرەکان هاتنە ژوورەوە، هێزە ئەمنیەکان لەبەر دەرگا وەستابوون، کاردانەوەی ئەوانمان نەبینی."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئیسماعیل مەندەلاوی بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی لە بەغدا، جەختیکردەوە سوتاندنی بارەگای حیزبەکەی، کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغداش دەبێت، چونکە ئەمە ڕووداوێکی گەورەیە و پارتی بە ئامانج کراوە، وتی"چاوەڕێی بڕیاری سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسین."

سوتاندنی بارەگای لقی 5 ی پارتی لەبەغدا، لەکاتێکدایە عێراق لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە، ناکۆکی نێوان حکومەتی عێراق و گروپە چەکدارەکان لە لوتکەدایە، گروپە چەکدارەکان لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت دەجوڵێن و تۆمەتبار دەکرێن بە کوشتنی چالاکوانان و هێرشکردنە سەر ناوەندە دبلۆماسیەکان، لەبەرامبەریشدا حکومەت توانای لێپێچینەوەکردنی لەگەڵیان نییە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:28 0:00


XS
SM
MD
LG