Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: "لاپەڕەی سپی" بۆ گوێزانی قەیرانی دارایی عێراق


عێراق، هاوکات لەگەڵ قەیرانی سیاسی و تەندروستی و ئابوریشدا، ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بۆتەوە و ئەم قەیرانە نیگەرانییەکی زۆری لە نێو توێژی فەرمانبەرانی وڵاتەکەدا دروست کردووە، بەتایبەتیش کاتێک باس دێتە سەر ئەگەر و نەگەرەکانی دابەشکردنی موچە.

ئەم نیگەرانییەش لە کاتێکدایە بەشێکی بەرچاوی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستانی عێراق داوا دەکەن موچەکانیان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بدرێت و ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردیش لە بەغدا پشتیوانی لەو داوایە دەکەن.

زۆرێک لە پسپۆڕانی دارایی لە عێراق لەوبڕوایەدان، ئەگەر بێتوو هەنگاوی خێرا نەنرێت بە ئاڕاستەی چاکسازی ڕاستەقینەدا، ئەوا دەشێت ڕەوشی دارایی وڵاتەکە بەرەو نادیار بڕوات.

بانکی نێوەندی عێراق، چەند جارێک ئاگاهیداوە سەبارەت بە کەمبوونەوەی پارەی مۆڵ (نەختینە)، ئەمەشی گەڕاندۆتەوە بۆ دابەزینی داهاتەکان و بەتایبەتیش داهاتی فرۆشتنی نەوت.

عێراق پشتی سەرەکی و گەورەی خۆی بۆ بودجە، بە فرۆشتنی نەوت بەستووە.

حکومەتی عێراق، پلانێکی نوێ ڕادەگەیەنێت و ناوی ناوە "لاپەڕەی سپی" بۆ چاکسازی.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ئەم "لاپەڕەی سپی"یەی داوەتە دەست لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و ئەم لیژنەیەش وەک باس دەکرێت، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و لەوانەشە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەم لیژنەیە لەگەڵ تیمی وەزارەتی داراییدا، تیمی وەزارەتی پلاندانانیش بەشدار بێت.

دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە "لاپەڕەی سپی" گەیشتە بەردەم پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی، هەندێک لە ئەندامانی ئەم لیژنەیە وتوویانە کە دەشێت پێشنیاز و ڕوانینەکانی خۆیشیان وەک لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بخەنە ناو "لاپەڕەی سپی"یەوە.

پێشتر وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە "پێویستە عێراق پارە قەرز بکات تا بتوانێت خۆی لەم قەیرانە داراییە دەرباز بکات."

یەکێک لەو کێشانەی لە بواری دارایی عێراقدا هەیە؛ نەبوونی هاوسەنگییە لە نێوان داهاتی گشتی و خەرجییە گشتییەکانی وڵاتەکەدا.

گەندەڵی هیچی کەمتر نییە لە مەترسییەکانی تێرۆریزم و پەتای کۆرۆنا.

حکومەتەکەی موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردۆتە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کارنامەی حکومەتەکەی، بەڵام ئایا چەندێک سەرکەوتوو دەبێت لەو هەوڵانەیدا، ئەمەیان ئەو پرسیارەیە کە شەقامی عێراقی چاوەڕوانی وەڵامەکەیەتی.


میوانی بەرنامە:

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن"لاپەڕەی سپی"یەکەی کازمی، خوێندنەوەیەکی باش و بابەتیانەی ڕەوشی دارایی عێراقی کردووە هەروەهاش لە خستنە ڕووی هۆکارەکانی ئەم قەیرانە؛ لێرەشدا بمانەوێت و نەمانەوێت پێویستە ئەو پرسیارە بکرێت ئایا "لاپەڕەی سپی" حکومەتی عێراق، بە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ چاکسازی لە وڵاتەکەدا پڕ دەکرێتەوە یان نا؟!

زۆرێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، بە ئاگاهییەوە گەشبینن بەرامبەر "لاپەڕەی سپی" و دەشڵێن نابێت هەر تەنها خوێندنەوەیەکی سەرپێیی بۆ بکرێت بەڵکو پێویستە لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەیەکی ڕژدی بۆ بکەن.

لە ئێستادا ژمارەیەک پێشنیاز خراونەتە بەردەم حکومەتەکەی موستەفا ئەلکازمی، وەک دانانی باج لەسەر کڕین و فرۆشتنی دراو و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دەروازە سنورییەکان و بەندەرەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تەواوەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا و ئەو داراییانەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە بیانگێڕێتەوە بۆ نێوەند. دەشگوترێت گرتنەبەری ئەو هەنگاوانە یارمەتیدەر دەبن بۆ خێراکردنی چاکسازییە ئابورییەکان.

ئەگەر "لاپەڕەی سپی" دوا دەرفەت بێت بۆ حکومەتی عێراق، ئایا وەرگرتنی قەرز دەبێتە بەشێک لە چارەسەر؟

هەموو جارێک کە باسی ڕەوشی دارایی دەکرێت، زیاتر لۆمەکان دەخرێنە سەر بەرزی و نزمی نرخی نەوت، ئەی ڕێبەرانی عێراق لە ساڵی 2003وە تا ئێستا چەندێک بەرپرسیارن لەم ڕەوشە؟

ئایا عێراق چۆن دەتوانێت قەرزەکان و ئەو بڕی سودەی دەچێتە سەر قەرزەکان بداتەوە؟

ئایا وەرگرتنی قەرزی نوێ، چەندێک دۆسێی سەروەری عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:52 0:00


XS
SM
MD
LG