Accessibility links

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خانەی ئازادی لە سەر ئازادی ئینتەرنێت لە جیهاندا ئێران لە نزمترین ئاستدایە


خانەی ئازادی یان فریدەم هاوس لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەسەر ئازادی ئینتەرنێت لە جیهاندا کە ڕۆژی چوارشەممە 14ی ئۆکتۆبەر بڵاوی کردەوە، ئێرانی بە یەکێک لە خراپترین وڵاتی جیهان ناودێکر کردووە کە کەمترین ئازادی ئینتەرنێتی تێدایە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە سەرکوتکردنەکانی مانگی 10ی ساڵی ڕابوردووی خۆپیشاندەران لە ئێراندا دەکات و دەڵێت، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان هاوڵاتیانی خۆی لە ئینتەرنێت دابڕێوە. لەو کاتەدا سەرۆک ترامپیش کاردانەوەی پیشاندا بەرامبەر بە پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران و گوتی "ئێران ئەوەندە ناجێگیر بووە کە ڕژێم بە تەواوی سیستمی ئینتەرنێتی بڕیووە بۆ ئەوەی خەڵکی باشی ئێران نتوانن باس لەو توندوتیژیانە بکەن کە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا هەیە."

ڕاپۆرتەکەی خانەی ئازادی دەڵێت هەندێک لە حکومەتەکان بە بیانوی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆنترۆڵ و سانسۆریان لە سەر ئینتەرنت چڕکردووەتەوە. ڕاپۆرتەکە هەروەها دەڵێت، ئێران، ڕوسیا و چین، ژیان و بواری تایبەتی هاوڵاتیانیان پشتگوێ خستوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایش، کونترۆڵی زانیارییە تایبەتیەکانی بەکارهێنەران دەکەن.

هەروەها ڕاپۆرتەکەی خانەی ئازادی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە چالاکییەکانی چین و ئێران بۆ دروستکردنی ئینتەرنێتێکی ناوخۆیی و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی ئازاد دەربڕیووە.

لە ساڵی ڕابردوودا ئێران چەندین جار هەوڵی داوە کە ئینتەرنێت بپچڕێنێت . لە مانگی 6 دا کاتێک ملیۆنان بەکارهێنەری تۆڕەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی سێ خۆپیشاندەریان کرد لەژێر هەشتەگی " لە سێدارەی مەدەن "، کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە پشێوی لە ئینتەرنەتدا دروست کرد.

هەروەها لە 17ی مانگی 7دا، هاوکات لەگەڵ خولێکی دیکەی ناڕەزاییەکاندا کە لە چەند شاری ئێران بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە حکومەتی ئێران ئینتەرنێتی پچڕاند.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، دوای کۆچی دوایی محەمەد ڕەزا شەجەریان، مامۆستا و هۆنەرمەندی موسیقای ئێرانی بە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک لە تاراندا دووبارە ئێنتەرنێتی پچڕاند.

لە ڕیزبەندییەکەی خانەی ئازادیدا، ئایسلەند جارێکی دیکە بەرزترین پلەی هەیە لە ڕووی ئازادی ئینتەرنێتەوە و هەروەها چین بۆ شەشەمین ساڵ وەک خراپترین وڵات وەسفکراوە لەڕووی ئازادیی ئینتەرنێتەوە.

XS
SM
MD
LG