Accessibility links

کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان


ژەنەراڵ مارک میڵی

گەورە ژەنەراڵی پەنتاگۆن دەڵێت کشانەوەی سەربازی زیاتری ئەمریکایی لە ئەفغانستان دەکەوێتە سەر کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان و هەروەها ئەو مەرجانەی تریش کە لە ڕێککەوتنەکەی مانگی دوودا لەگەڵ تاڵیباندا دەستنیشانکراون.

لێدوانەکانی ژەنەراڵ مارک میڵی، سەرکردەی ستونە لەشکرییەکان، تەنها 5 ڕۆژ پاش لێدوانەکەی سەرۆک ترامپە کە وتبووی "دەخوازم تا کاتی کریسمس هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بکشێنەوە."
ژەنەراڵ مێڵی لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا بۆ ڕادیۆی ئێن پی ئاڕ جەختی کردۆتەوە لەوەی "کشاندنەوەی دوا 4500 سەربازی ئەمریکایی لە ئەفغانستان دەکەوێتە سەر تاڵیبان و کەمکردنەوەی هێرشەکانیان و هەروەهاش دەکەوێتە سەر بەرەپێشچونی وتووێژی ئاشتی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان."

سەرکردەی ستونە لەشکرییەکانی ئەمریکا دەڵێت دۆسێ سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە "ئێمە دەمانەوێت بەرپرسیارانە کۆتایی بە شەڕ بێنین و مەبەستیشمانە، جا بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ڕەوشە، متمانەدانە بۆ پارێزراوی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، کە لە ئەفغانستاندا سەنگی مەحەکە."

ژەنەراڵ مێڵی ئاماژەشی بەوە کردووە چەند ساڵێک لەمەوبەر بە شێوەیەکی بەرجاو توندوتیژییەکان کەمیان کردبوو، بەڵام وەک دەڵێت "لە ئێستادا کەمبوونەوەیەکی ئەوتۆ نییە."

پەنتاگۆن وەهای دانابوو تا مانگی یازدە و سەرەتای ساڵی 2021،نزیکەی 4500 سەرباز لە ئەفغانستان بمێننەوە لە کاتێکدا چاویشی لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی وتووێژەکانی دۆحەیە و چەندێک بەرەوپێش دەچن.

ئاماژەکان لە واشنتۆنەوە جیاوازییان تیادایە؛ لە هەفتەی ڕابردوودا ڕۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا وتبووی لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کەم دەکرێنەوە بۆ 2500 سەرباز. بەڵام ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک ترامپ، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیمانی دابوو بەوەی تا 25ی مانگی 12 هەموو سەربازەکان دەکشێنەوە.

یەکێک لە مەرجەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان ئەوەیە یاخیبووان هێرشەکانی خۆیان ڕابگرن.

لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، شەڕی قورس ڕوویداوە لە دەوروبەری شاری لەشکرگاه، پایتەختی هەرێمی هێلماند. لەو شەڕەدا لەشکری ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر چەکدارەکانی تاڵیبان.

XS
SM
MD
LG