Accessibility links

تاران هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران ڕادەگەیەنێت


کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت ئەمریکا ڕووبەڕووی شکستێکی مێژوویی بۆتەوە چونکە گەمارۆی چەک لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەسەر ئێران هەڵدەگیرێت، وێڕای هەوڵی واشنتۆن بۆ درێژکردنەوەی ئەو گەمارۆیە.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، کە سەبارەت بە گەمارۆ چەکییەکانی سەر ئێران بوو، هێرشی زارەکی خۆی کردە سەر ئەمریکا بەهۆی سزاکانی سەپێندرانە سەر بانکەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

گەمارۆی چەک لەسەر ئێران لە ڕۆژی 18ی ئەم مانگی دەیەوە وادەکەی کۆتاییدێت، بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەو بڕیارەی یو ئێنوەک بەرەنجامێک بووە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 ی ئێران و زلهێزەکانی جیهان.

واشنتۆن تاکلایەنە لە ساڵی 2018دا لەو ڕێککەوتنە ناوکییە کشایەوە و سزاشی سەپاندە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، لە مانگی 8 ڕابردووشدا ئەمریکا نەیتوانی پشتیوانی یو ئێن بەدەست بێنێت بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران.

سەپاندنی هەروادێ و سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، بە شێکە لە سیاسەتی بەرزترین ئاستی فشار لەلایەن ئەمریکاوە و دواترین سزاش پەیوەندی هەبووە بە 18 بانک لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

ئەمریکا دەڵێت ئەو سزایانە پێداویستیە مرۆڤایەتییەکان ناگرنەوە وەک خۆراک و دەرمان، وە دەشڵێت سزاکان بۆ سەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، تا ڕەفتارەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت.

ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لێدوانێکی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، ئاماژەی بە کاریگەری سزاکان کردووە لەسەر ئابوری خراپی وڵاتەکەی و سزاکانیشی بە "تاوانێک پڕ بە پڕی ماناکەی" ناودێر کردوە.

ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەورەترین وڵاتی جیهان دادەنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی تێرۆریزم.

XS
SM
MD
LG