Accessibility links

نەتەنیاهۆ و شێخ موحەمەد ئال نهیان بانگهێشتی یەکتر دەکەن بۆ وڵاتەکانیان


بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل و شێخ موحەمەد بن زاید ئال نهیانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، پەیوەندییەکی تەلەفونییان کردووە سەبارەت بە پەیماننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، وەک شێخ موحەمەد لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەلایەتی تویتەردا نوسیویەتی.

لەو پەیوەندیە تەلەفونییەدا کە نەتەنیاهۆ کردوویەتی، هەردوو ڕێبەر هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ڕێککەوتنەکەی 15ی مانگی نۆ لە کۆشکی سپی مۆر کرا، ڕێگە دەکاتەوە بۆ قۆناغێکی نوێی هاوکاریکردن، وەک شێخ موحەمەد لە تویتەردا نوسیویە.

لە میانەی پەیوەندییە تەلەفونیەکەشیاندا، باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆناش کردووە.

سەرەک وەزیری ئیسرائیلیش لای خۆیەوە بە کابینەی حکومەتەکەی وتووە، کە لە پشووی هەفتەدا قسەی لەگەڵ "شێخ موحەمەدی دۆستیدا" کردووە، کە شازادەی تاجە لە ئەبوزەبی و ڕێبەرێکی کاریگەریشە.

نەتەنیاهۆ دەڵێت "بانگهێشتم کردووە بۆ ئیسرائیل، ئەویش بانگهێشتی کردووم تا سەردانی ئەبو زەبی بکەم، بەڵام بەر لەو سەردانانە، شاندێکی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دێنە ئیسرائیل و شاندێکی ئیسرائیلیش دەچێتە لای ئەوان."

مۆرکردنی پەیماننامەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و هەروەها وڵاتی بەحرەیندا لە یەک ڕۆژدا، وەک سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت " ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاری گەورەی پێگەی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا."

بەنجامین نەتەنیاهۆ دەڵێت "وڵاتانی عەرەب دەیانەوێت پەیوەندییان هەبێت لەگەڵ ئیسرائیلدا، چونکە دەبینن چۆن ئیسرائیلمان کردۆتە زلهێزێک لە ناوچەکەدا."

سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت بە شێخ موحەمەدی وتووە، ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب لەم هەفتەیەدا لە لای حکومەت و پەرلەمانیشەوە پەسەند دەکرێت.

.

XS
SM
MD
LG